په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٢ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

صباح الخیر خان من، شھی شیرین زبان من
توی روح و روان من، ببت قربان تە جان من.
(مەلای جزیری).


تازەگەریی نوێگەریی.


ئەدۆنیس لە کتێبی (پێشەکی بۆ شیعری عەرەبی، ل٩٩-١٠٠) لە بارەی جیاوازی نێوان (تازەگەریی) و (نوێگەریی) دەڵێت: نوێگەریی لە دوو مانادا دەبینرێت، یەکەمیان زەمەنییە، واتە دواین دۆزینەوە، دووەمیان ھونەرییە، واتە شتێک کە پێشتر نەبووە، یان لەو شێوەیە بەر چاو نەکەوتووە. بەڵام تازەگەریی ھەمیشە دەلالەتی زەمەنی ھەیە و ھەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە، کە تا ئێستا کۆن نەبوونە. کەواتە ھەموو ئەوەی کە نوێیە تازەیە، بەڵام ھەموو تازەییەک نوێ نییە، چونکە نوێی ھەڵگری پێوانەیەکی ھونەرییە، کە تازەیی ھەڵینەگرتووە، بەمجۆرە نوێگەریی لە کۆنیشدا ھەبووە وەک چۆن لەو سەردەمەشدا ھەیە.


بەڵام (ئینسیکلۆپیدیای لالاندی فەلسەفی، بەرگی g-a)، تازەگەریی (moderne) بە ھاوچەرخی دادەنێت، ئەو زاراوەیە ھەر لە سەدەی دەیەمەوە لە گفتوگۆی فەلسەفی یان ئایینی بە کار ھێنراوە. تازەگەریی لە ناوەوەی خۆیدا و بە مانا زەمەنییەکەی واتە تازەکردنەوەی فیکر، بەڵام کە دەڵێن فەلسەفەی تازەگەریی واتە فەلسەفەی سەدەی شانزە و سەدەکانی دواتر کە تا ئەمڕۆ درێژەی ھەیە، ھەڵبەتە (فرانسیس باکۆن ١٥٦١-١٦٢٦) و (دێکارت ١٥٨٦-١٦٥٠) بە دامەزرێنەری ئەو فەلسەفەیە دەژمێردرێن.. ل٨٢٢. کەچی نوێگەریی (innovation) بە ھاوشانی داھێنان دانراوە، ئەو زاراوەیەش (ڤ. ئیگەر) لە ساڵی ١٩٠١ بە کاری ھێناوە.. ل٦٧٧.
کەواتە دەتوانین بڵێین (تازەگەریی) وەک زاراوە، گشتکیر دەکەوێتەوە، کەچی نوێگەریی ھەڵگری تایبەتمەندییە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەشێ نوێگەریی وەک دیاردەی تازەگەریی دەربکەوێت! نوێگەریی ھەمیشە ھەڵگری جیاوازی و گۆڕانە، بەو مانایەی کە ھاوشانی داھێنانە و لە ھەموو سەردەمەکاندا دەبینرێت، بەڵام مەرج نییە ھەمیشە ئاماژە بێ بە تازەگەریی، بەو مانایەش مەرج نییە تازەگەریی ھەڵگری داھێنان بێ؟! دەمەوێ بڵێم ئەگەرچی تازەگەریی گشتکیر دەکەوێتەوە، بەڵام رەھا نییە، بەڵکو ھەمیشە شتێکی دیکەیە، راستە کەلەپوری ئەو ساتەوەختە کاڵدەکاتەوە، بەڵام پاش ئەو ساتەوەختە، کەلەپورێکی دیکە شوێنی ئەو دەگرێتەوە، ئەویش وەک خۆی بە شێوەیەکی کاتی بۆ تازەگەری دەردەکەوێت، لێرەوەیە تازەگەریی بە نوێ لە قەڵەم نادرێت، بەڵکو ھەمیشە بە شتێکی دیکە دادەنرێت.


لە فەرھەنگ و ئەدەبی کوردیدا بە شێوەیەکی بەرفرەوان ئەو دوو زاراوەیە تێکەڵ بە یەکتر دەکرێن، بەڵام دەتوانین ماناکانی تازەگەریی لە کۆی ئەو بەھا و رەفتار و نوێگەرییەدا ھەڵگرینەوە کە بە دژی کۆن خۆی دەنوێنێ، بە دیوەکەی دیکەش تازەگەریی وەک زاراوە ئەگەرچی لەسەر ئاستی داھێنانی ئەدەبی و سۆسیۆلۆجی ھەڵگری جۆرێک لە وەکیەکنەبوون و نێودژی و رێژەگەرییە، بەڵام ھەمیشە پرسی تازەگەریی پرسی ئازادی و داھێنان و نوێگەرییە، تەعبیر لە رۆحی سەردەمەکەی خۆی دەکات ، تازەگەریی ھەمیشە وەک پرۆژەیەکی کراوە درێژ دەبێتەوە.


(شێرکۆ بێکەس)ی شاعیر لە چاوپێکەوتنێکدا کە (نیھاد جامی) ئەنجامی داوە، قسە لە تازەگەریی شیعریی کوردی دەکات و پێیوایە (گۆران)ی شاعیر بە دوای تازەکردنەوەی رووکاری ئەو زمانەدا ھات، کە (پیرەمێرد) وەستاکەی بووە. دەشێ ئەو قسەیەی شێرکۆ بێکەس بە چەمکی تازەگەریی و نوێگەرییەوە پەیوەست بکەین، بەڵام بەو مانایە نا، کە پیرەمێرد وەستاکە بێ و گۆران شاگردێک کە تەجاوزی وەستاکەی دەکات، بەڵکو لەوێوە کە زمانی تازەگەریی سەردەمێکی دیاریکراو ناکاتە زمانی تازەگەریی ھەموو سەردەمەکان، کەچی لە بەرانبەر ئەوەدا زمانی (نوێگەریی داھێنان) زمانێکی زیندووە و ھەمیشە وەک دیاردەی تازەیی خۆی دەسەپێنێ! بۆیە ئێمەی کورد ھەتا ئێستاش شاعیرانی وەک (مەلای جزیری ١٥٦٧-١٦٤٠) و (فەقێ تەیران ١٦٥٣-١٦٤٢) و (نالی ١٧٩٧- ١٨٧٣) و (سالم ١٨٠٠- ١٨٦٦) و (کوردی ١٨٠٩- ١٨٤٩) و (مەحوی ١٨٣٠- ١٩٠٤) دەخوێنینەوە! وەک چۆن (گۆران) و (شیرکۆ)ی تازەگەریش دەخوێنینەوە، بەڵام (نەخشەی تازەگەریی) بە تەنیا چەند شاعیرێک نەخشی ناکات، بۆیە ھەرگیز ناتوانین (ئەحمەد ھەردی) وەک رەنگێکی درەوشاوەی نەخشەی تازەگەریی شیعریی کوردی فەرامۆش بکەین، وەک چۆن تاوانێکی گەورەیە (ھێمن)ی شاعیر وەک نموونەیەکی زۆر تایبەتی نێو ئەو نەخشە وەلا بنێین و جێ پەنجەی (عەبدوڵڵا پەشێو) نەبینین، یان (موئەید تەیب) و (لەتیف ھەڵمەت) و (رەفیق سابیر) و (ئەحمەدی مەلا).. کەواتە (تازەگەریی) وەک پرۆژەیەکی کراوە لە کۆی رەنگەکان لە دایک دەبێت، بەڵام ئەوە نوێگەریی یان داھێنانە ھەمیشە بە ستوونی دادەبەزێتە نێو پانتاییە کراوەکەی تازەگەرییەوە.

__________________________________

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک