په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٣\٢٠١٨

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی سی و پێنجەم -

 

پاشان نووسەر دەمان بات بۆ لای باسێکی تری جیاوازی نێوان بزوتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان و عەرەبەکان و دەڵێ:


"ئەوەی بزووتنەوە مۆدێرنە کوردییەکان لە بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان جیادەکاتەوە،بنەمای نەتەوەخوازی و بنەمای کوردبوونە.بزووتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەبن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز و بەوە بوونی نەتەوەیی عەرەب لەناو سنووری سیاسی ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبییەدا دەپارێزن و لەناو چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆدا لە رێگەی سەراپاگیرکردنی کەلتورە مۆدێرنەکەوە بەو زمانە عەرەبییە کە پێشتر زمانی کەلتورە مەزهەبی و نامەزهەبییەکەی خەلافەتە عەرەبییەکان بوو،نەتەوەیەک بە ناوی نەتەوەی عەرەبەوە دروست دەکەن. ئەوان بە پەیڕەویکردن لە بنەمای نەتەوەخوازی نەتەوەکەیان دروستدەکەن،بۆیە ناتوانین لە باسکردنی نەتەوەخوازی عەرەبیدا باس لە چەند نەتەوەخوازییەکی جیاواز بکەین.


هەموو بزوتنەوە مۆدێرنە عەرەبییەکان بەوەی کە بەو زمانە عەرەبییە کەلتورە مۆدێرنەکە لە سنوری دەوڵەتەکانی خۆیاندا سەراپاگیر دەکەن و هەر یەکەیان زارەکەی خۆی ناکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە و هەریەکەیان واز لە زمانە ناوچەییەکەی خۆی دێنێ و ئەو زمانە دەکات بە زمانی کەلتورە مۆدێرنەکە کە هەزار و چوارسەد ساڵە بەبێ گۆڕان وەک خۆی ماوەتەوە،ئەمەش وا لەو بزووتنەوە مۆدێرنانە دەکات لە چوارچێوەی یەک بزووتنەوەدا کۆببنەوە کە نەتەوەخوازیی عەرەبییە".٥٤٨ ـ٥٤٩


هاوکات لە ڕێگەی ئەم دراوەوە، دەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی مۆدێرنی کوردی هەیە، بەڵام ناتوانین بڵێین نەتەوەخوازییەک یان چەند نەتەوەخوازییەکی جیاوازی کوردی هەیە. هۆکەیشی ئەوەیە، سەرلەبەری ئەو بزووتنەوانە، لە گەوهەردا نەتەوەخواز نەبوون و لەسەر بنەمای کوردبوون هەڵساون. پوختەی بۆچوونی نووسەر بریتییە لە:


"بۆ ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا یان لەناو دەوڵەتێکی کوردی گریمانەکراودا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن، دەبێت بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخوازبن، بەڵام بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەک لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکەدا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت، دەبێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز بێت نەک بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخواز، هەر بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز، لەناو ئەم دەوڵەتانەدا داوای ئۆتۆنۆمی بکات، لەوە دەکەوێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بێت و بەمە دەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی خێڵەکی و ئەتنیکی. لەبەر ئەم هۆکارەیە، کە دەتوانین بڵێین شتێ بەناوی نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بەرچاو ناکەوێ و نییە و ئەگەری سەوزبوونیشی مەحاڵە.


نووسەر شیتەڵ کارییەکی ورد و بابەتییانەی ئەم پرسە و ڕەهەندەکانی دەکات، چەقی باسەکە بە لای نووسەرەوە لەوەدایە، بزووتنەوە کوردییەکان دەتوانن ڕەوایەتی لە کوردبوونی خۆیان وەرگرن، گەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی بن. بەڵام ئەم ڕەوایەتییە لەدەست دەدەن، گەر بێتوو، خۆیان بگۆڕن بۆ بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز، نەتەوەخواز بەو تێگەیشتنەی، کە ئەو فرەییەی مەیدانی زمان و کولتوری کوردی، تێکڕایان ببێت بە ژێر قورسایی ئامانجێکی نەتەوەخوازی یەکڕەنگ و یەک ماناوە، و بپلیشێنەوە.


"کێشەی بزووتنەوە کوردییەکان بەر لە دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دوای دروستبوونیان و دابەشکردنی کورد بەسەر چوار دەوڵەتە نەتەوەییەکەدا، لەوەدا بووە، ئەو بزووتنەوانەی کە دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی خۆیان دروست کردووە،بنەمای بوونە نەتەوەییەکەیان لەگەڵ بنەمای نەتەوەخوازیدا یەک بووە و لێکدژ نەبووە. فارسیبوون یان عەرەبیبوون یان تورکیبوون یان فەرەنسایبوون، بنەمایەکە لەگەڵ ئەو بنەمایەی نەتەوەخوازیدا یەکە کە داوای ئەوە دەکات لەناو سنوری سیاسی دەوڵەتێکدا دەبێت یەکەی کولتوری لەگەڵ یەکەی سیاسیدا هەمئاهەنگ بێت. بەڵام بنەمای کوردبوون لەگەڵ ئەم بنەمایەدا لێکدژ دەبێتەوە".٥٥١


یەکێ لەو ڕاستییە حاشا هەڵنەگرانەی بەردەوام پێویستە،لای دۆست و دوژمن، جەختی لەسەر بکەینەوە،هەڵکەوتی تایبەت و ئالۆز و کێشەی بێوێنەی پرسی کوردە،لە ناوچەکە و جیهانیشدا.هەر بۆیە هەر قسە و خوێندنەوەیەک لەسەر پرسی کورد بکرێ، دەبێت کتومت بنەما ڕەسەنەکانی خۆی و واقیعە تاڵەکەی تێی کەوتوو و بۆی نەخش کێشراوە، لەبەرچاو بگیرێ. دەنا کارەکە، نابەبەتییانە و نیوەناچڵ و کرچوکاڵ، خۆی دەدات بە دەستەوە. لەم ڕووەوە بێشکچی دەڵێ:


<< نەتەوەی کورد خرایە دۆخێکەوە کە تیایدا مەبەست ئەوە بوو ژێردەستییەکەی هەتا هەتایی بێت. وا مەبەست بوو نەتەوەی کورد تاهەتایە بەشکراو و لەتکراو و پێچراوە و دوور لەیەک و لەیەک ترازاو و بێ پێناسنامە بمێنێتەو>>.


ـ کێشەی بزوتنەوە کوردییەکان لەناو دەوڵەتە ناکوردییەکاندا.


لەم بەشەدا،د.عرفان،بیروڕایەکی د. عباس وەلی،لەڕێی ڕەخنەیەکی بابەتییانەوە ڕەتدەکاتەوە.نووسەر سوورە لەسەر ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان لەبەردەم یەک جۆر لە نەتەوەخوازیدابن. جیاوازی کولتوریی چ کاریگەرێتییە بەسەر ئەوە نییە چەند بزووتنەوەکە بخوڵقێنن.کارایی و یەکبوون و پەرچەکردار گوایە فرەیی و جیاوازی لە بزووتنەوەدا نیشانەی کارایی و سەربەخۆیی بزووتنەوە بەدیار ناخات. ئەم بزووتنەوە وەک پەرچەکردارێکی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی تورک و فارس و عەرەبە،بۆیە نەیتوانیوە بە کارایی خۆی یەکبوون پێک بهێنێ." دروستکردنی پەیوەندییەکی لۆجیکی لە نێوان یەکبوونی کەلتوری و کارایی بەرهەمهێنەرەکەی و جیاوازی کەلتوری و ناکارایی بەرهەمهێنەکەی،سەرچاوە لە بنەمای نەتەوەخوازییەوە دەگرێت".٥٥٧


نووسەر، لایەنەکانی دیکەی بیروڕاکانی عەباس وەلی هەڵدەسەنگێنێ. ع. وەلی، پێی وایە بزووتنەوەی کوردی کە لەناو ئەو چوار دەوڵەتە بێتە دەرێ و دەوڵەتی خۆیشی دروست بکات، هەر دەبێتەوە بە چواربەش. ئەمەش سیمای سروشتێکی سەرونەتەوەیییەک بە کۆمەڵگای کوردی دەبەخشێ. لەمەش زیاتر پێدادەگرێ و پێی وایە کە دەکرێ سروشتێکی خوارنەتەوەیی پێ بدات. پێی وایە کورد لە هەر یەکێ لەو پارچانەدا بە کۆمەڵێ بەرژەوەندی کرچوکاڵ لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمیدا ڕازی بێت، کێشەکەی چارەسەر دەبێت. د. عرفان لەوێوە بەرەو بەسەرهاتێکی دیاری تری کوردیمان دەبات و دەنووسێ:


"(مەم و زین)ەکەی ئەحمەدی خانی و ئەو هوشیارییە نەتەوەییەی کە گوزارشتی لێکراوە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیە لەسەر ئەوەی کە لەناو کۆمەڵگا کوردییەکاندا هوشیاری بە نەتەوە زیاترە لەو کۆمەڵگایانەی کە عەسەبیەت جەوهەرەکەیانە. نەتەوە لەناو ئەو هوشیارییە نەتەوەییەدا کە خانی گوزارشتی لێکردووە بەرهەمی نەبوونی کۆمەڵگا کوردییەکەکانە بەعەسەبە و هەوڵە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لە بەرامبەر عەسەبەکاندا باس لە کۆمەڵگایەک بکات کە جەوهەرەکەی دەمارگیری و عەسەبییەت نەبێت. کورد کە دێتە ناو سەردەمە مۆدێرنەکەوە بەو هەموو تراژیدیایەوە دێت کە بە هۆی نەبوونی عەسەبە و نکۆڵیکردن لە بوونی لە لایەن عەسەبە فارسی و تورکی و عەرەبییەکانەوە تووشی بووە،ئەمەش وادەکات بیرکردنەوەی ئەم بزووتنەوانە لە نەتەوە جیاواز بێت لە بیرکردنەوەی ئەو بزووتنەوە نەتەوەخوازانە لە نەتەوە'٥٦٢ـ ٥٦٣


ئەو نەتەوانەی بەرهەمی نەتەوەخوازین، گەرەکیانە تەماهیی(جووتبوونی یاخود ئاوێتەبوونی ماهیەتی دووشت لە یەک شتدا)، لە نێوان بیرۆکەی نەتەوەخوازی و عەسەبە، لە یەک کار و ئەرک دا بکەن وەک یەک بەڕێوەبەرن.


بەم پێیە لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر مێژووی عەسەبە بەردەوام بن. کۆمەڵگا مۆدێرنەکان بە ئاڕاستەی عەسەبەی مۆدێرنی دا بەرن. زاڵێتی و ئاغایەتی خۆیان بکەنە تاکە ئامانج. بەڵام ڕەوتی مێژوو لای بزووتنەوە کوردییەکان، بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا، دەڕوات بەڕێوە، لەبەرئەوەی بزووتنەوەی کوردیی گیرۆدەی ماهیەتی کوردبوونی خۆیەتی.


"دیموکراسیەت لەناو ئەو دەوڵەتانەدا کاتێک دەبێت بە دیموکراسیەت بۆ بزووتنەوە کوردییەکان کە ببێت بە زەمینەیەک بۆ سەرهەڵانەوەی ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنانەی کە لەناو ئەو کۆمەڵگا مۆدێرنەدا بزرکراون کە بزووتنەوە نەتەوەخوازە باڵادەستەکە پەرەیپێداوە.لەو شوێنەدا کە بزووتنەوە کوردییەکان لەناو ئەو دەوڵەتانەدا پێویستیان بە دیموکراسیەتە،نەتەوەخوازە باڵادەستەکانی ئەو دەوڵەتانە پەیڕەوی لە تۆتالیتاریەت دەکەن".٥٦٥


بزووتنەوە کوردییەکان لەگەڵ هی تورک و فارس و عەرەبییەکاندا، لە هەوڵی بۆ بەرەو پێشچوون و پەرە پێدانی کۆمەڵگا دا بوون. بەڵام کاتێ، بزووتنەوەی نەتەوەخوازی ، تورک و فارس و عەرەب دەیەوێ نەتەوەخوازی خۆی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا مۆدێرنەکەی خۆی، کە بە دەوڵەت گەیشتووە، کە لە کرۆکدا ئەو دەوڵەتەی خۆیان بوونە خاوەنی پەرەپێبدات، ئەوکات لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکاندا دەکەوێتە کێشەوە.
 


- بەشی سی و شەشەم -

 


ئەوان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی خۆیان، تێدەخوێننەوە و هاوکات کردۆتە ئامانجی سەرەکی، کار بۆ گەشەکردنی زمان و کولتور و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازی خۆیان دەکەن و ڕۆژانە هەوڵی بە دەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر دەدەن. ئەوان بەردەوام بانگاشە بەوە دەکەن،کە ئەو دەوڵەتانە هی خۆیانە و بەری خەباتی خۆیانە،بۆیە جێی شانازییانە و پێویستە یەکێتییەکەی بپارێزن. ئەم دەستکەوتانە هەموو لەسەر هەژماری جەستەی کورد و نیشتمانەکەیەتی، تێکڕای ئەو کار و جموجوڵانەی سەرێ، لە کورد قەدەغە دەکەن. ئالێرەوە هەرا و کێشە دروست دەبێ، لەگەڵ مەرامی گڵاوی نەتەوەخوازی و دەوڵەتەکەی ئەواندا. لە ڕاستیدا لەتەک گشت ڕەفتار و بانگاشەیاندا.


بە واتایەکی تر هەموو شت بۆ ئەوان رەوایە،هەوڵی بۆ بدەن و پێویست و ئاساییە، لێ بۆ کورد دەچێتە خانەی تاوان و هەوڵی جیاخوازی و پارچەکردنی سەرزەمینی ئەوان و تێکدانی دەوڵەتەکەیانە!؟. بزووتنەوە کوردییەکان هەر لە بنەڕەتدا تەبا و هاوکار و رەزامەندنین، بەو سیاسەتی یەک شوناسی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی دەوڵەتە مۆدێرنەکان، چونکە ئەم سیاسەتە لەسەر بنچینەی نکۆڵی لە نەتەوەی کورد، دەڕوات بەڕیوە .شەڕی کورد لە پێناوی دەسەڵات و گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئەنقەرە و تاران و بەغدا و شامدا نییە. هەر بۆیە دیموکراسییەت هەبێ لەم دەوڵەتانەدا، یاخود نەبێ، چ سوودێکی بۆ کورد تێدا نییە، یاخود گەر هەشبێ،دیسان بۆ کورد چ سوودێکی نییە. هەر بۆیە داوا و دروشمی دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێڕاق و سوریا و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان.کە لە لایەن بەشی زۆری حیزبە کوردییەکانەوە بڵند دەکرایەوە،هەڵە و چەوتییەکی زەق و نیشاندانی خوێندنەوەیەکی نا لۆژیکانە و تێگەیشتنێکی سەقەتە،لە هەمبەر پرسی نەتەوایەتی کوردیدا.


هەزاران ساڵ بەم پێودانگە خەبات بکەیت،هەر کوڕی خۆت خۆت دەکەیت بە قوربانی کچی خەڵکی و خوێنت بە هەدەر دەڕێژی و وەک دەزانین داری زڕیش هەرگیز نایەتە بەر. بە نموونە ئاماژە بە دەوڵەتی تورکیا دەکەین، کە بڕەک دیموکراسیترە لەوانی دیکە، کەچی بە دڕندەترین شێوە ڕەفتار لەگەڵ کورد دا دەکات. ئاخر ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە بە پێی سیاسەتی نەتەوەخوازی خۆیان لە لایەک نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن و گەر بیانەوێ، بەچنگێ فشە مافی ئیداریی و رۆشنبیریی دەیخەپێنن، لە لایەکی دیکەشەوە سات بە سات مەترسی گەورە و هەڕەشەی جددی لەسەر چارەنووسی کورد دروست دەکەن.


بزووتنەوە کوردییەکان ئامانجیان ئازادی هەر کۆمەڵگایەکی ناو ئەو دەوڵەتانەیە، لە رووی زمان و کولتورەوە. ئەمەش تەواو پێچەوانەی سیاسەتی نەتەوەخوازی نەتەوە باڵادەستەکانە. کورد ناتوانێ لە هیچ مەیدانێکدا پەرە بە بوارێکی ژیانی خۆی بدات. هەر جوڵە و چالاکییەکی دەکەوێتە ژێر پرسیاری یاسایی و سیاسییەوە و ئەوان، بەردەوام کورد، بە هەڕەشە بۆسەر بوونی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. کەواتە ئامانجەکانی کورد لەگەڵ ئەوەی ئەواندا، وەک دوو هێڵێ تەریب بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا ڕەوت دەکەن.


تا ئەوان بەو لۆژیکە سەقەتە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن و دەستبەرداری هەموو ئەو هۆکار و فاکتە دەرەکی و ناوەکییانەی کە کردوونی بە خاوەنی دەوڵەت و کولتوری باڵای سەراپاگیر نەبن، ئەم خەونە نایەتە دی. ئیتر کورد بچێتە مەیدانی هەر جۆرە شەڕێکەوە سەربازی، خەبات بۆ دیموکراسی و... هتد، دەرفەتی سەرکەوتنی نەک هەر کزە، بگرە نییە. چونکە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و دەستگا، داپلۆسێنەرەکانی دەوڵەت، وان بەدەست ئەوانەوە.


جا گەر بێت و ئەوان بانگاشەی دیموکراسیش بکەن، بانگاشەکەیان پووچ و بێ بنەمایە و زۆر لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە دیموکراسی ئەوان، مانای نەبوونی کورد و نەخوێندنەوەی بەرژەوەندییەکانێتی. بزووتنەوەی کوردی، هیچ دەرەتانێکی پراکتیزەکردنی دیموکراسیی لەم دەوڵەتانەدا نییە." لە هەنووکەدا، بنۆرە بارودۆخی کورد لە باکووردا" باشترین بەڵگەی ئەم راستییەیە. ئەوان تۆتالیتارێکی دەمارگیرانەی لێوان لێو لە شۆڤێنیستییان کردۆتە، کۆڵەکە و ئامێری ڕاگرتنی بەناو دیموکراسییەکەیان و بە گەزومقەستی بەرژەوەندی خۆیان، گەشە بەم دیاردەیە، دەدەن و دەیبەن بەڕێوە.


لە دەوڵەطکی وەک تورکیادا، هەڵبژاردن وەک دیارترین نیشانەی دیموکراسی، چ بەها و نرخێکی نییە، پارتێکی کورد، چەند بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و دەنگ بێنێ و بشگاتە ناو پەرلەمانی ئەو دەوڵەتانە، گەر گەرەکی بێت پەرلەمان بکاتە سەکۆ و مەیدانی خەباتی شارستانی، دەوڵەتی نەتەوەی باڵادەست، دەسبەجێ گەمەی دزێوی ئاشکرا و نهێنی خۆی وەگەڕ دەخات و ئەو پارتە کوردییە بە تۆمەتی جۆراوجۆری داتاشراو، هەتا بەند و پەرەگرافی دەستوورەکەیان، قەدەغە دەکات و سەرکردە و بەرپرسەکانی، بە تۆمەتی ناپاکی نیشتمانی ڕاپێچی بەردەم دادگا قەرەقووشییەکەیان دەکات.


.سزای توند، تا هەڕەشەی لە سێدارەدان، ڕووبەڕووی بەرپرسانی پارتە کوردییەکە دەکەنەوە.(دیسان بارودۆخی ئێستای باکوری کوردستان٢٠١٦، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان ـ هەدەپە ـ، لەبەردەم ئەم سینایۆیەدان). یاسای گەمەکە بەو جۆرەیە، براوە مافی هەموو بڕیار و نەخشەکێشانێکی پێ ڕەوا دەبینرێ. دۆڕاو و بەزیوەکان، جگە لە گوێڕایەڵی و برابچووکێتی، چ مافێکی تریان بۆ نامێنێتەوە.


نووسەر لەسەر ئەم تەوەرە دەڕوات و بۆچوونەکانی سۆسۆر، وەک زانایەکی زمانەوانی، لەسەر لایەنی زمانیش وەک نموونە دێنێتە، ناو باسەکەیەوە.


" لە پشت ئەو دیموکراسیەتەوە کە لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا پەیڕەو دەکرێت،پەیڕەویکردن لە تۆتالیتاریەتێکی دەمارگیرانە هەیە...هیچ پارتێکی سیاسی لەناو ئەم دەوڵەتە مۆدێرنانەدا رەوایەتیەکی سیاسی پێ نابەخشرێت گەر سەر بە کۆمەڵگا زاڵەکەی ناو دەوڵەت نەبێت و سەر بە کۆمەڵگایەک لەو کۆمەڵگایانە بێت کە ئەو کۆمەڵگایە بەسەریدا زاڵبووە. بزووتنەوە کوردییەکان پارتێکی سیاسی ناو کۆمەڵگا زاڵەکان نین و گوزارشتێکی سیاسی لە کۆمەڵگا زاڵەکانی ناو ئەو چوار دەوڵەتە ناکەن، ئەوان لە پێناو ئەوەدا هەن گوزارشتێکی سیاسی لەو کۆمەڵگا کوردییەی خۆیان بکەن کە کۆمەڵگا زاڵەکە هەوڵ دەدات زاڵ ببێت بەسەریدا و لەناو خۆیدا بیتوێنێتەوە".٥٦٦ـ٥٦٧


باسی سیاسەتی تۆتالیتارێتی بەریتانیامان لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەدا کرد، کە چۆن ئینگلیز، زۆردارانە ڕێگە بە هیچیان نادات، لە ڕووی سیاسییەوە، چ نمایشتێکی خۆیان بکەن. هاوکات ئەو تەڵە و تەپکانەمان باس کرد، چۆن بۆ نەتەوەخوازی نادەوڵەتی هەیە و هەرگیز لە دەرەوە پشتیوانی لێ ناکرێت.


ئینجا سیاسەتە نادادپەروەرییەکەی سیستەمی جیهانی، بەرامبەر بە دۆزی ئازادیخوازانەی گەلانی بندەست لەگەڕدایە. ساڵانی ساڵە کورد لە هەموو بەشەکانی وڵاتەکەیدا دەکوژرێ و ئەنفال دەکرێ و نیشتمانەکەی کاول دەکرێ، کەچی بە ناوی پاراستنی سەروەری دەوڵەتەکانەوە،کە بە مانایەکی دیکە،دروستکراوی دەستی خۆیانە و بۆ بەرقەرارکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان قوتیان کردوونەتەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نقەیەکی لێوە نایەت، هەروەها بۆ دەوڵەتۆکەیەکی وەک کوێت،ساڵی ١٩٩١ بە دەیان دەوڵەت،بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە و پشتیوانی سەربازیی و ئابووری و سیاسی لێ دەکەن.


"ئەو ململانییەی کە پێش دیاریکردنی شوناسی دەوڵەت لەناو دەوڵەتێکی مۆدێرندا لە نێوان بزووتنەوەکاندا روودەدات،ململانێی ئەو بزووتنەوە مۆدێرنانەیە لە پێناو ئەوەدا شوناسی کۆمەڵگاکەیان بەرز بکەنەوە بۆ شوناسی ئەو نەتەوەیەی کە بە شوناسەکەی خۆی شوناسی دەوڵەتەکە دیاری دەکات"٥٦٨


با هەر دەوڵەت بەناو مۆدێرن بێت، لێ ئەوەی نەخش لەم کایەدا دەگێڕێ، ئەو هەوڵ و تەقەلایەیە، کە نەتەوەی براوە، لە هەڵچنینی کۆشکی دەوڵەتەکەدا بۆ خۆی دەیگێڕێ و ناوەڕۆک و مانا و ناسنامەیەکی خۆی دەیەوێ بەو دەوڵەتەی دەبەخشێ. وەک ئەوەی فارس بەرامبەر بە کورد و ئەوانی دیکە لە ئێراندا ئەنجامی داوە و بەردەوام دەیدات. یاخود ئەوەی تورک لە تورکیا و ئینگلیز لە بەریتانیادا بەڕێوەی دەبەن.


"واتە نەتەوەخوازی و عەسەبیەت لە دروستکردنی کۆمەڵگاکانیاندا پەیڕەوی لە یەک بنەما دەکەن و بنەماکەش ئەوەیە هێزی زاڵ بۆ دروستکردنی عەسەبە یان نەتەوە دەبێت کۆمەڵگا بەزیوەکان لەناو یەک کۆمەڵگادا بکاتەوە بە یەک و ئەو کۆمەڵگایەش دەبێت بە ئارەزووی ئەو هێزە زاڵە هەڵبژێردرێت و هێزە بەزیوەکان هیچ مافێکیان لەم هەڵبژاردنەدا نەبێت".٥٦٨


جەوهەری ململانیی نێوان بزووتنەوەکان لەسەر سیستەمی سیاسی و کولتور و دەوڵەتە. هەر کام لەو بزووتنەوانەی دەچنە گەمەی ململانێکەوە، ئامانجیان نەتەوە نییە. هێز و توانای دەوڵەت بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵگاکان بخاتەکار، بەڵکو لە رێگەی زاڵێتی بزووتنەوەکەوە، گەرەکێتی، وەک دەوڵەت، هێز لای ئەو بێت و خۆی نەخشە و پلانی داڕێژێت لەبری دەزگای دەوڵەت.


نووسەر بە تێروتەسەلی لەسەر بابەتەکە دەڕوات، تاوەکو وێنەی ئەو باسەی دەیخاتە بەرچاو، ڕوون و بێ تەمومژ بێت.
 


- بەشی سی و هەفتەم -

 


"دەوڵەتی مۆدێرن بەرلەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوەیی بزووتنەوە مۆدێرنەکانی ناو سنورە سیاسییەکەی دەکەونە ناو ململانێیەکی توندەوە و زۆرجاریش ئەم ململانییە بە جەنگ کۆتایی پێ دەهێنرێت،ململانیی ئەم هێزانە لەسەر بەدەستهێنانی ئەو هێزە نییە کە دەوڵەت هەیەتی، بەڵکو لەسەر دیاریکردنی سیستەمە کولتوری و سیاسیەکەی ئەو دەوڵەتەیە".٥٧٢


. عرفان، لێرەدا کڵافەی باسەکان هەڵدەکاتەوە و بەدوای وەرامی ئەو پرسیارەی سەرێدا دەچێ، ئەمە پوختەی باسەکەیەتی:


سەرەتا دەبێ لەو پرۆسەیە تێبگەین کە ئەو جۆرە لە دەوڵەت دروستکردووە. بە بێ تێگەیشتن لەم بنەمایە، ناتوانی کێشەی کورد، لەگەڵ نەتەوەخوازییەکەی دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، ئێراق و سوریا دیاری بکەین. لەبەرئەوەی ئەم دەوڵەتانە لەسەر بنەمای نەتەوەخوازی دامەزراون. لێرەدا دەوڵەت خۆی هیولایەکی/ کەرەسە و ماددەیەکی دیاری نەکراوە. دەبێ بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز ئایدیاڵی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لەناو ئەو دەوڵەتەدا شێوەگیر بکات و بیکاتە دەوڵەتی نەتەوەیی.


دواتر بە تەنیا گۆڕانی کۆمەڵگای کشتوکاڵی بۆ پیشەسازی، ئەو دەوڵەتە ناکات بەو جۆرە دەوڵەتەی کە بنەما جیهانییەکەی دەوڵەتی مۆدێرن داوای دەکات و لەسەری پێکهاتووە. مۆدێرنیستەکانی بواری نەتەوەخوازی و دەوڵەتی نەتەوەیی، پێیان وایە مەرجی بوونە دەوڵەتی مۆدێرنە ئەوەیە، کە لەناو دەوڵەتەکەدا، کۆمەڵگای کشتوکاڵی بۆ گۆڕانی بەسەردا بێت و بۆ ئەوەی بە هۆی کولتورە پیشەییە مۆدێرنەکەوە ببێت، بە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی. واتە کۆمەڵگای پیشەسازی، ئایدیاڵی دەوڵەتی مۆدێرنە، بە بێ بوونی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی، شتێکمان بە ناوی دەوڵەتی مۆدێرنەوە نییە.


کەواتە دەوڵەتی مۆدێرن لێرەدا هەم دیسان پرسە کولتورییەکە، لە بەخشینی ناسنامە بە دەوڵەتەکە ڕۆڵ دەگێڕێ. هەربۆیە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە هەرچی هێز و توانایەکی ماکی و مینۆکی خۆیانەوە، پێداگری لەسەر داسەپاندنی کولتورە پیشەییە باڵاکەی دەوڵەتەکەی خۆیان، بەسەر سەراپای دانیشتوانی دەوڵەتەکەدا، کە لە چەندین کۆمەڵگا و نەتەوەی جیاواز پێکهاتووە، دەسەپێنن. هاوکاتیش بەو ئەندازەیە و زێتریش دژایەتی کولتوری رەسەنی کوردی دەکەن و کار بۆ سڕینەوە و شێواندنی ئەنجام دەدەن.


"لەناو دەوڵەتی باوکدا کە دەوڵەتی نەتەوەییە،بزووتنەوە مۆدێرنەکان دەتوانن وەک براکانی ناو حکایەتەکەی فرۆید شۆڕش بکەن و تەنانەت باوکیش بکوژن و بەسەریدا زاڵ ببن،بەڵام ئەو بزووتنەوەیەی کە شۆڕش دەکات و باوک دەکوژێت،نابێت لە پێناوی ئەوەدا بیکوژێت خۆی لە جێگەیدا ببێت بە باوک،بەڵکو دەبێت باوک لە پێناوی ئەوەدا بکوژێت کە بیکات بە باوکێکی نەمر، ئەمەش بەوە دەبێت کە ئەو سیستەمەی باوک لە سیاسەت و کولتوردا پەیڕەوی کردووە لە سیستەمێکی ئاسایی و کاتیەوە بیگۆڕێت بۆ سیستەمێکی موقەدەس و نەمر و وای لێ بکات کە هەر دەست لێدانێکی دەست لێدان بێت لە موقەدەسی دەوڵەتی نەتەوەیی و سزاکەشی سزای هەتک کردنی موقەدەس بێت.دوای ئەوەی دەوڵەتی مۆدێرن لە رێگەی بنەمای نەتەوەخوازییەوە لە دەوڵەتێکی دنیایی و ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی پیرۆز و نەمر، ململانێی بزووتنەوەکانی ناو دەوڵەت لە ململانێی بەکارهێنانی هێز بۆ دانانی سیستەم دەگۆڕێت بۆ ململانێی بەکارهێنانی سیستەم بۆ بەدەستهێنانی هێز".٥٧٤


لەم حیکایەتەدا، باوک دەکوژرێت و زیندوو دەکرێتەوە، لە ڕێگای نەگۆڕینی سیستەمەکەوە. یاسای ململانێکە لە بەکارهێنانی هێزەوە بۆ دانانی سیستەم دەگۆڕن بۆ بەکارهێنانی سیستەمی باوک بۆ بەدەستهێنانی هێزی باوک. لەم ڕێگایەوە براکان، دەبنە خاوەنی هێزی باوک، باوکیش لە ڕێگەی سیستەمەکەوە دەبێتە خاوەنی نەمرییەکی ئەفسانەیی.


د. عرفان هەمان چیرۆک لە دەوڵەتی نەتەوەییشدا بەم جۆرە ئاماژە پێدەدات: لە دەوڵەتی نەتەوەیدا، باوک کوشتن ڕێگە پێدراوە، بەڵام ڕێگەی هیچ بزووتنەوەیەک نادرێ لە دوای کوشتنی باوکەوە، ببێت بە باوک و سیستەمی سیاسی و کولتوری دەوڵەت سەرلەنوێ دابنێ. هەر نەوەیەک باوکی بکوژێ، پێویستە لەسەری ئەو سیستەمەی باوکی، کە بە هێز و دیکتاتۆری دایمەزراندووە، بیکاتە سیستەمێکی نەمر.


دەوڵە نەتەوەییەکانی ئیمڕۆی جیهانیش ڕەوایەتی لە سەردەمە مۆدێرنەکە وەردەگرێ. ئەو دەوڵەتانەی کوردیش بەسەریاندا دابەشکراوە، ڕەوایەتی لە سیستەمە نێودەوڵەتییەکە وەردەگرن. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کورد، گەرەکە لە مۆدێلە جیهانییەکەی دەوڵەت حاڵی ببین.


نووسەر، پشوو درێژانە شەنوکەوێکی بۆچوونەکانی خۆی دەکات ، لەسەر بابەتەکە دەڕواات و دەڵێ:


"ئەو بنەما جیهانییەی کە ئەم جۆرە لە دەوڵەت لەسەری دادەمەزرێت بنەمای نەتەوەخوازییە.بە پێی ئەم بنەمایە دەوڵەت خۆی هیولایەکی دیاری نەکراوە و دەبێت بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز ئایدیاڵی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لەناو ئەو دەوڵەتەدا شێوەگیر بکات و بیکات بە دەوڵەتی نەتەوەیی"٥٧٥


ئەم بۆچوونە لێرەدا زەلاڵە و نەتەوەخوازی دەتوانێ سەروسیما و ماهیەتی دەوڵەت دیاری بکات.هەر بۆیە پێویستی بە قسەی زۆر لەسەر کردن نییە.و د. عرفان ڕوونتر خاڵ دەخاتە سەر پیتەکان.


"پەیوەندی دەوڵەت و نەتەوە لەناو دەوڵەتی نەتەوەدا وەک پەیوەندی نێوان شێوەی دەنگی وشە و ماناکەی وایە،دەوڵەت وەک ماناکە وایە و نەتەوە وەک شێوە دەنگییەکە وایە و بە یەکێکیان دەوڵەتی نەتەوەیی دروست ناکرێت و بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە دەبێت شێوە کولتورییەکەی نەتەوە و دەوڵەتێکی نادیاری کراو بە نەتەوەمان هەبێت تا لە رێگەی ئەو شێوە کولتوورییەوە کە دەدرێت بە کولتورە مۆدێرنەکە لە دەوڵەتێکی پەتییەوە ببێت بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی. دەوڵەتی نەتەوەیش وەک ئەو ئاماژە زمانییە وایە کە پێکهاتەیەکە لە شێوەیەکی دەنگی و مانایەک؟.٥٧٧


لەسەر ئەم خاڵەش بە درێژی دەڕوات و بەراوردی دەوڵەت لە جیهاندا بە ئاماژەیەکی زمانەوانی دەکات،کە بە ڕوونی خراوەتە بەرچاوی خوێنەر. دواجار بۆچوونەکانی بەم شێوەیە دایدەڕێژێت:


" ئەو هێزەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست دەکات بۆ دروستکردنەکەی پێویستی بەوە دەبێت،کەلتورێکی پیشەیی مۆدێرنی هەبێت و شێوەیەکی کەلتوریشی هەبێت بۆ ئەوەی لەو کەلتورە پیشەییە کەلتورێکی نەتەوەیی دروست بکات"٥٧٨ـ٥٧٩


لێرەدا بایەخی بوونی کورلتووری پیشەیی دەبینین،کە دەبێتە پێشخانی دروستکردنی کولتووری نەتەوەیی.ئەم کولتورە نەتەوەییەش دەتوانێ ماهیەتی دەوڵەتی پێ دیاری بکرێ.نووسەر چەپکێ تیشکی ڕووناکەرەوەی بەهێز دەخاتە سەر ئەم لایەنە و ئەوجا لە کۆنتێسێکی تردا، بە بۆچوونێکی ڕوونتر دەڵێ:


"بە پێی بنەمای نەتەوەخوازی کە بنەمای دروستکردنی نەتەوەیە،وای فەرز کردووە،ئەو هێزەی دروستی دەکات،دەبێ کولتورە مۆدێرنەکە بە شێوەیەکی کولتوری بکات،بە کولتوری نەتەوەیی،کە بەشێوەیەکی هەرەمەکی لە شێوە کولتورییەکانی کۆمەڵگاکانی هەڵیدەبژێرن. " دەوڵەتی نەتەوەیی لە شێوەیەکی کەلتوری و دەوڵەتێکی نادیارکراو بە کولتور پێک دێت.جیاکردنەوەی ئەو شێوە کەلتورییە لە دەوڵەت،وەک جیاکردنەوەی شێوەی دەنگی وشەیە لە ماناکەی".٥٧٩

_________________________________

بەشەکانی (سی و دووەم، سی و سێیەم، سی و چوارەم): www.emrro.com/kurdbunun32u33u34.htm

بەشی سی و یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun31.htm

بەشی سیەم: www.emrro.com/kurdbunun30.htm

بەشی بیست و نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun29.htm

بەشی بیست و هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun28.htm

بەشی بیست و هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun27.htm

بەشی بیست و شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun26.htm

بەشی بیست و پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun25.htm

بەشی بیست و چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun24.htm

بەشی بیست و سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun23.htm

بەشی بیست و دووەم: www.emrro.com/kurdbunun22.htm

بەشی بیست و یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun21.htm

بەشی بیستەم: www.emrro.com/kurdbunun20.htm

بەشی نۆزدەم: www.emrro.com/kurdbunun19.htm

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/kurdbunun18.htm

بەشی هەڤدەم: www.emrro.com/kurdbunun17.htm

بەشی شازدەم: www.emrro.com/kurdbunun16.htm

بەشی پازدەم: www.emrro.com/kurdbunun15.htm

بەشی چواردەم: www.emrro.com/kurdbunun14.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/kurdbunun13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdbunun12.htm

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdbunun11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdbunun10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdbunun9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdbunun8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک