په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠١٧

کورتە وەڵام! بۆ خوازیارانی زانیاریی سەبارەت کاژیک.


کامیل ژیر      

- ١٦ -


لەم رۆژانەدا کەناوی کاژیک، بەگەرمییەکی زیاترەوە کەوتۆتەوە سەر زاران و نامیلکەو کتێب و وتاری لەبارەوە ئەنوسرێ و ھەڤپەیڤینی بۆ سازئەکرێ و سنوری دادگاش تێئەپەڕێنێ، جێیخۆیەتی ھەندێ تیشک بخەینە سەر بنەما سەرەکییەکانی ئەو بیروباوەڕو رێکخستنە بەمەبەستی پڕزانیارییکردنی نەوەی نوێ سەبارەت کاژیک.


لەتاریکستانی ١٩٥٩دا، کاتێ شۆڤێنێتی ئەرەبی و رەگەزپەرستیی تورکی و فارسی و تەوژمی کۆمۆنستی و ئیسلامی، شاڵاوی زیاتریان ئەھێنا بۆ توانەوەی نەتەوەی کورد، کاژیک (کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوەو یەکێتیی کورد) وەک ئەستێرەیەکی گەش ١٤/٤ لەئاسۆی کوردستان ھەڵھات و روناکییەکی پڕھیوای بەخشی بەکاروانی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردو وزەی زیاتری کردەوە بەدەمارەکانی ھیوای ئازادی و یەکسانیی کوردو سەربەخۆیی کوردستانداو دروشمی (کوردستان بۆکورد - یەکسانی بۆ گەل)ی وەک تەورێک سرەواندە داری گەندەڵی پێکەوە ژیانی داگیرکەرو داگیرکراو. جا گەرچی ھەندێ گرفت بونە ھۆیئەوەی ئەو ئەستێرەیە وەک رێکخستن بەری جریوەی بگیرێ ، بەڵام وەک لایەنە ھزرییەکەی، بەردەوام لەگەشە ‌سەندندایە بەجۆرێ کە بەشێکی زۆر لەوانەی دژی ئەوەستانەوە، ئێستە ھەمان بیروباوەڕ پەیڕەوئەکەن وەک لەنوسین و کرداریانا دەرئەکەوێ، سەرەڕای زۆرێک لەنەوەکانی نوێ کەبونەتە خاوەنی ھەمان دیدوبۆچون.


فەلسەفەو ستراتیجی کاژیک، لەنامیلکەی کاژیکنامەو بەرنامەو پەخشەکانیدا پیشاندراون. تایبەتمەندییەکانیشی، جیاکەرەوەبون لەڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەوساو ئێستەی کوردستان وەک لەم خاڵانەدا دەرئەکەون:


١- کاژیک رێکخستنێک و بیرۆکەو فەلسەفەیکبو بۆ ھەمو نەتەوەی کورد لەسەرتاسەری کوردستاندا، واتا سنوری چالاکییەکانی، کوردستانی گەورەبو، نەک تەنیا پارچەیەک یا ھەرێمێک وەک ئەو رێکخراوانەیتر (جگە لەپاسۆک و کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان و ھەندێ رێکخراویتر کە درێژەپێدەری ھەمان باوەڕی کاژیکبون). ئەوەش بەپێی بەرنامەکەی کەئەڵێ: (مەیدانی کارگوزاریی کاژیک ھەمو کوردستانە، بەڵام لەسەرەتاوە بەشێکی کوردستان ئەکات بەبنکەی ئیشکردن و لەوێوە پەلئەھاوێ بەھەمو کوردستانا). ناوی خۆیشینا کۆمەڵە نەک حیزب. حیزب بۆ نەتەوەیەکی وکو کورد، خراپە. خراپترین جۆری حیزبیش حیزبی ستالینییە کە ئەوساو ئێستاش ھەمو حیزبەکانی کوردستان ستالینین. کورد پێویستیی بەیەکێتی و یەکدەنگی ھەیە، حیزبایەتی دوبەرەکیی لێئەکەوێتەوە کەئەوەش دەردی کوشندەی کوردە. جاران فرە میرنشینی و ئێستە فرە حیزبی، کوردی کەرتوپەرتکردوە.


٢- مەسەلەی (برایەتی) بەلای کاژیکەوە ئەوەبو کە برایەتی پەیوەندییەکی نەژادیی نێوان کوردو کوردە، پەیوندیی نێوان نەتەوەی کوردو نەتەوەیەکیتر، ئەشێ پەیوەندییەکی دۆستانەبێ. ئەمەش بەپێچەوانەی دیدی حیزبە کوردییەکانەوە کەھەمیشەو لەبەربورە باڵورەی برایەتی کوردو عەرەب و کوردو ھەرچی دژەکورد ھەیە لێئەدەن و جەنگی کوردو کورد ئەکەن!


٣- کاژیک مەسەلەی کوردی لەسەرتاسەری کوردستاناو لەھەر پارچەیەکیا بەیەک مەسەلە ئەزانی کەئەویش سەربەخۆییە، بەپێچەوانەی حیزبەکانەوە، بەتایبەتی حیزبەکانی ئەو سەردەمە، کە مەسەلەی کوردیان لەھەر پارچەیەکی کوردستانا، بەمەسەلەی نیشتمانیی ئەو دەوڵەتە ئەزانی کە ئەو پارچەیەی کوردستانی داگیرکردوە! بۆ نمونە، مەسەلەی کورد لەعێراقا ھەرگیز وەک مەسەلەی عەرەب بەگشتی و مەسەلەی عەرەبی شیعەو عەرەبی سونە نیە. ھەروەھا مەسەلەی کورد لەئێرانا، وەک مەسەلەی ئازەری و بلوشو عەرەبو فارس نیە. بەو جۆرە لەتورکیاو سوریاو سۆڤێتی جارانیشا.


٤- کاژیک تاوانی پارچەپارچەکردن و داگیرکردنی کوردستانی ئەخستە ئەستۆی ئیمپریالیزم و دەوڵەتە ھەرێمییەکانی دەوری کوردستان و گەلەکانیشیان. کەچی حیزبەکان، ئەم تاوانەیان ئەخستە تەنیا ئەستۆی ئیمپریالیزم، یا تەنیا دەسەڵاتی داگیرکەران بێ گەلەکانیان.


٥- ئیمپریالیزم بەلای کاژیکەوە، تەنیا ئیمپریالیزمی رۆژئاوا نەبو. ئیمپریالیزمی رۆژھەڵاتیشبو کە خۆی لەئیمپریالیزمی کۆمۆنیستیا ئەنوان، لەوەش زیاتر، کاژیک ئەو دەوڵەتانەشی بەداگیرکەرو کۆلۆنیالیست ئەزانی کە کوردستانیان داگیرکردوە. کەچی بەلای پارتییە کوردستانییەکان و پارتییە مارکسیەکانەوە لەکوردستانا، ئیمپریالیزم تەنیا ئیمپریالیزمی رۆژئاوابو!


لەم بارانەوە، کاژیکنامە، جەخت لەسەر ئەو لایەنانە ئەکاتەوەو ئەڵێ: (کاژیک داگیرکەرانی کوردستان بەیەک چاو تەماشا ئەکاو کوردستان تەنیا بەموڵکی کورد ئەزانێ و ئەبێ کورد ھەر خۆی فەرمانڕەوابێ لەکوردستانا. لەبەر ئەوە بڕوای بەو برایەتییە درۆزنەیە نییە کە لەڕێگەیەوە سەروەت و سامانی کوردستان بەتاڵان ئەبرێ و لەکەمترین مافی مرۆڤانە بێبەش ئەکرێ. لەبەر ئەوە فەرمانڕەوایەتی ھەمو ناکوردێک بەسەر کوردستانا بەکارێکی ناڕەوا ئەزانێ.


٦- کاژیک وەک رێکخراوێکی سیاسی نەتەوەیی کوردی، خۆی بەنوێنەری سەرجەم نەتەوەی کورد ئەزانی، نەک نوێنەری تەنیا چینێک یا توێژێکی کۆمەڵی کوردەواری، بەپێچەوانەی پارتییە مارکسیەکانەوە کە خەباتیان خەباتی چینایەتییەو بۆ ئەو مەبەستەش، ھەمیشە گڕی ئاگری شەڕی چینایەتیان خۆشئەکرد. لەم خاڵەشەوە ھەندێ ئەنجام ئەکەوێتەوە:
ا- بەرژەوەندیی ھەمو تاک و کۆمەڵانی کورد لەسەربەخۆیی کوردستاندایە بەر لەوەی لەخەباتی چینایەتیا بێ.
ب- ھیچ چینێکی کۆمەڵ مافی ئەوەینیە خۆی بکاتە پێشڕەو و سەرکردەی چینەکانیتر.
ج- کێشەی نێوان چینەکان بەشەڕی چینایەتی چارەسەرناکرێ، بەڵکو بەنەھێشتن یا کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی چارەسەر ئەکرێ
د- داگیرکەرانی کوردستان، رژێمی فەرمانڕەوایەتیان ھەرچیبێ، ھەمیشە بەیەک چاو سەیری چینەکان و تاکەکانی نەتەوەی کورد ئەکەن.


٧- مەسەلەی ئازادیی نەتەوەی کوردو سەربەخۆیی کوردستان، مەسەلەیەک نیە سازشی لەسەر بکرێ بەھیچ بیانویەکەوە، تەنانەت بەبیانوی دیموکراتی و رای زۆربەشەوە. بۆ نمونە: ئەگەر زۆربەی نەتەوەی کورد لەگشتپرسییەکدا لەجیاتی ئەوەی دەنگبدا بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەنگبدا بۆ چونە پاڵ ھەر دەوڵەتێکیتر، ئەوا ئەو دەنگدانە ناڕەوایەو کاژیک دژی ئەوەستێتەوە. ئەمەش بەپێچەوانەی ئەو پارتیانەوە کە مافی چارەنوسی کورد بەڕای زۆربەوە، یا بەڕای پەرلەمانێکەوە، یا بەڕای خۆیانەوە گرێ ئەدەن. یا ئەوانەی مافی چارەنوسی کورد لەناو چوارچێوەی ھەر کام لەدەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانا ئەھێڵنەوە‍، رایەکی زۆربەی لەو جۆرە، بێگومان رایەکی نائازاد یا رایەکی چەواشەکراوو ناھوشیارەو نەخۆشەو ھیچ بینایەکی لەسەر ناکرێ.


٨- بەلای کاژیکەوە بەپێچەوانەی پارتییە مارکسیەکان و کۆمۆنیستەکانەوە، نەتەوایەتی (بەکوردایەتیشەوە) نەدەسکردی چینی بورژوای ھیچ نەتەوەیەکەو نە قۆناغێکیشە لە مێژوو. بەڵکو ھەستێکی سروشتی مرۆڤە لەرۆژی پەیابونی ھەر نەتەوەیەکەوە، تا مرۆڤیش بمێنێ ئەو ھەستە ھەر ئەمێنێ ئەگەرچی نەتەوایەتی وەک ھەر دیاردەیەکیتر گەشە (تەتەور) ئەکات و تەنیا لەیەک قاڵبا نامێنێتەوە.


٩- بەلای کاژیکەوە، بەپێچەوانەی رای مارکسیەکانەوە، مەرجنیە بەرژەوەندیی ئابوریی چینی کرێکار لەھەمو جیھانا وەک یەکبێ، بەڵکو گەلێ جار بەرژەوەندیی ئابوریی چینی کرێکار لەوڵاتێکا لەگەڵ بەرژەوەندیی ئابوری چینی سەرمایەداری ھەمان وڵات وەکیەکەو دژی بەرژەوەندیی ئابوری چینی کرێکاری وڵاتێکیترە. بۆ نمونە: بەڵگەنەویستە کە بەرژەوەندیی چینی سەرمایەدارو چینی کرێکاری وڵاتە داگیرکەرەکان لەوەدایە کە خوێنی وڵاتە داگیرکراوەکان بمژن، بەخوێنی ھەمو چینەکان بەچینی سەرمایەدارو چینی کرێکاریشەوە.


١٠- ھاوبیرانی کاژیک، ھەرگیز باوەڕیان بەو دروشمەی ئەو پارتیانە نیە، کەئەڵێن: (دیموکراتی بۆ عێراق یا بۆ وڵاتە داگیرکەرەکانیتری کوردستان و خۆسەری یا ئۆتۆنۆمی، یا فیدراڵی بۆ کوردستان). بەلگە بۆئەم راستییە: نە دیموکراتییەکەی قاسم نە دیموکراتییەکەی تورکیا کێشەی کوردیان چارەسەرنەکرد.


١١- بەلای ھاوبیرانی کاژیکەوە، پشت بەستن بەھەر کام لەداگیرکەرانی کوردستان، لەماڵوێرانی کورد زیاتر، ھیچیتری لێدەسگیرنابێ. ئەمەش بەپێچەوانەی ئەو پارتییانەی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی داگیرکەرانی کوردستان بەدۆست ئەزانن و پشتیان پێئەبەستن!


١٢- کاژیک ھەمو بنەما باوەڕییەکانی لەھەڵکەوتەو ناخی کوردستانەوە ھەڵھێنجاوە، کوردایەتییەکەی نە نازێتیی ئەلمان نە عروبەی عەرەبە. ھیچ پەیوەندییەکی بەناسیۆنالیزمی رۆژئاواییەوە نیەو ھەڵەیە بە کوردایەتی بوترێ ناسیۆنالیزم.


١٣- کاژیک باوەڕی بە ئاشتیی نێوان کوردو داگیرکەرانی نییە. ئەبێ کورد ھەمیشە لەشەڕابێ لەگەڵ داگیرکەرانی ھەتا سەربەخۆیی. شەڕیش دو جۆرە: گەرم و سارد. ئەگەر شەڕی گەرمی بۆنەکرا، ئەبی بەردەوام لەشەڕی ساردابێ.


١٤- کاژیک، بەپێچەوانەی پارتییە کوردییەکانەوە، باوەڕی بە پیشەسازییکردنی کوردستاننیە لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانیا، چونکە ئەوە ئەبێتە ھۆی بەعەرەب و تورک و فارسکردن و تاڵانکردنی سامانی کوردستان.


١٥- کاژیک چارەسەری کێشەی زەویی لەوەدا ئەبینی کە ئەبێ زەوی بدرێ بەوەی ئەیکێڵێ، واتا بەجوتیار . لەمەوە دژی سیستمی دەرەبەگایەتییە.


١٦- بەلای کاژیکەوە بیروباوەڕ بەبیروباوەڕ وەڵامئەدرێتەوە، لەمەوە دژی تیرۆرە.


١٧- ئاین و سیاسەت دو شتی جیاوازن، لەمەوە باوەڕی بە دنیایی(عەلمانیەت)ە.


١٨- دەسکەوتە کاتییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی، ئەبێ ھەنگاوێکبن بەرەو سەربەخۆیی و...تاد.


دروشمی (کوردستان بۆکورد - یەکسانی بۆ گەل) کە دروشمی بنەڕەتیی کاژیکە، ھەمو ئەو خاڵانەی تیا رەنگئەداتەوە.

__________________________

کورتە وەڵام - ١٥ -: www.emrro.com/kurtewelam15.htm

کورتە وەڵام - ١٤ -: www.emrro.com/kurtewelam14.htm

کورتە وەڵام - ١٣ -: www.emrro.com/kurtewelam13.htm

کورتە وەڵام - ١٢ -: www.emrro.com/kurtewelam12.htm

کورتە وەڵام - ١١ -: www.emrro.com/kurtewelam11.htm

کورتە وەڵام - ١٠ -: www.emrro.com/kurtewelam10.htm

کورتە وەڵام - ٩ -: www.emrro.com/kurtewelam9.htm

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm
 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک