په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٣ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

 

''خەیاڵ جیهانێکە چەشنى خەون، فیکر تێیدا قسە دەکات''.


خەیاڵى شیعرى.


قسەکردن لە خەیاڵ (Image) لە رێگاى قسەکردن لە هەڵچوون و وێنەى شیعریى و هونەرییەوە دەخەمە روو.. هەر لەوێشەوە دەمەوێ بڵێم لەلایەک خەیاڵ دیارى ناکرێت، لەلایەکى دیکەش هەمیشە خەیاڵ جیگەى سەرسوڕمان بووە. بەو مانایەش پرسیار ئەوە نییە خەیاڵى شیعرى دەکەوێتە کوێى وێنەوە. بەڵکو دەمەوێ وێنەى شیعریى لە تەجەمەکردنى هەڵبژاردن و ئازادى بە چێژ و خۆشى پەیوەست بکەم.


وەک دەزانین لە کۆنەوە هەست بە خەیاڵ دەچوێنرا و خەیاڵ بە چەمکى لاساییکردنەوە بەند دەکرا و شێوەیەکى نێگەتیفانەى لەخۆ دەگرت.. وەک چۆن خەیاڵیان دەخستە نێوان فیکر و هەست، پاشان لە هەستیان جیا دەکردەوە و بەو هێز و توانایە بەندیان دەکرد، کە وێنە بەرهەم دەهێنێ! تا لێکجیاکردنەوەى کێشەى دەرککردنى هەستى بۆ شتەکان و خەیاڵکردنى ئەو شتانەى کە لە واقیعدا نین.. لەوێشەوە کەوتینە نێوان فیکرى هەستئامێز و خەیاڵئامێزەوە.. دواجار تێگەیشتن لە خەیاڵ بۆچوونە تەقلیدییەکە تێدەپەڕێنێ و دەبێتە مەرجێکى پێویستى فیکر، ئینجا دەبێتە ئەو هێزە داهێنەرەى دەتوانێ بچێتە قوڵایى راستییەکانەوە.


لێرەوە هەوڵەکانى (ئیمانۆیل کانت Immanuel Kant 1724-1804) توانى خەیاڵ وەک پانتاییەک بەرجەستە بکات، کە خود چالاکى فیکرى خۆى تێدا هەڵبسەنگێنێ. بەمجۆرە کانت رێگاى بۆ شتێ خۆش کرد، کە میتافیزیکا لەژێر پەردەى شەرمەوە قسەى لێدەکرد، ئەویش خەیاڵ بوو، خەیاڵیشى بە دامەزرێنەرى کردەى بونیادنان (structural) دانا. هەڵبەتە کردەى بونیادنانى فیکرى لە (تێگەیشتن) هەڵدەقوڵێ و لە (هوشیاری)یدا جێگیر دەبێت، بەڵام کردەى بونیادنانى وێنەى شیعرى لە (پڕشنگ)دایە و لەبەرانبەرى (چێژ و خۆشى) وەستاوە!! دەمەوێ بڵێم لە کردەى بونیادنانى فیکریى بە تێگەیشتن دەگەین، بەڵام لە کردەى بونیادنانى وێنەى شیعریى بە پڕشنگ.. لەبەرانبەر یەکەمیان هوشیارى وەستاوە، بەڵام دووەم بەرەو جوانى هەڵدەکشێ. کەواتە دەشێ هاوتابوونى تواناى (خەیاڵ) و (فیکر) تەرجەمەى هەڵکشان بەرەو جوانى و بەرجەستەکردنى هوشیارى بکەین!! بەڵام نە وەزیفەى شیعر هوشیارکردنەوەیە و نە وەزیفەى فیکر لە جوانیدا کورتدەکرێتەوە. لە رێگاى ئەو تەرجەمەکردنەوەوە دەمەوێت بڵێم خەیاڵ ئەو پانتایەیە کە خودى بیرکەرەوە تێیدا تێگەیشتنەکانى خۆى لە جوانى نزیکدەکاتەوە. وەک چۆن فیکریش ئەو پانتاییەیە کە خودى شاعیر جوانییەکانى خۆى لە تێگەیشتن نزیکدەکاتەوە. لە پرۆسەى لێکنزیکردنەوەى (تێگەیشتن/جوانى)، (جوانى/تێگەیشتن) داهێنان بەرجەستە دەبێت. کەواتە پرۆسەى داهێنانى تێگەیشتن بەبێ جوانى لاوازە، بەهەمان شێوەش پرۆسەى داهێنانى وێنەى شیعرى بەبێ تێگەیشتن کەمخوێن دێتە بەرچاو.


راستە فیکر لە دروستکردنى وێنەدا بەشدارە، بەڵام وەک گوتمان لەبەر ئەوەى تێگەیشتن لە وێنەى شیعرى جێگیر نییە، بۆیە کارى فیکر وەک ئەوەى تێگەیشتنە، لەکارى خەیاڵ وەک ئەوەى جوانییە، وندەبێت.. پێچەوانەکەشى راستە؟!


ئەگەر خەیاڵ نەبێ، وشە ناتوانێ وێنەى تەعبیرکردن بکێشێ، یان لەدایکبوونێکى دیکەى دنیابینى خۆى رابگەیەنێت، ئەگەر تەعبیرکردنیش نەبێ، وێنەى شیعرى دروست نابێت، ئیتر شیعریش دروست نابێت، ئەگەر شیعریش دروست نەبێ، ناتوانین چێژیش وەرگرین، لەبەر ئەوەى چێژ (اللژە) دەرئەنجامى ئازادییە، بۆیە ناتوانین ئازادیش بین. کەواتە شیعر لە رێگاى خەیاڵەوە بەرەو ئازادیمان دەکاتەوە، کە دەڵێم بەرەو ئازادى (مان) دەکاتەوە ئیتر لە رێگاى ئەو (مان)ەوە ئازادى دەکەوێـتە رووى بەرانبەر، یان وەرگر و خوێنەرەوە، لەبەر ئەوەى هیچ خوێنەرێک نییە (هەرگیز) بێلایەن بێت، یان وەک بارت دەڵێت پاک بێت و بە (هەڵبژاردن) هەڵنەسێت، بۆیە ئەو رووەى ئازادى بە دیاریکردنى هەڵبژاردن، دەکەوێـتە گێژاوەوە و هاوسەنگى ئازادى وندەکات. ئەگەر رووى یەکەمى ئازادى چێژ بێت، بە مانا بارتییەکەى ئەوە رووى دووەمى کە هەمیشە دەکەوێتە گێژاوەوە، خۆشییە (المتعە).


خۆشى وەک سیستمێک لە نەشوە "النشوە" لەگەڵ چێژ وەڵام نادرێتەوە، خۆشى لە هەڵمەتبردن دایە، ئەو شتەى هەڵمەتیشى بۆ دەبات لەسەر رێچکەى خۆى دەیگۆڕى. (چەمکى خۆشى لاى بارت، چەمکێکى رۆشنبیریى کۆمەڵایەتییە بەر لەوەى هەر شتێکى دیکە بێت، ئەو چەمکە بە فیکرەى کۆنترۆڵکردنەوە بەندە، لە رێگاى خوێنەرەوە حەسانەوە و دڵنیایى بەدەستدەهێنى).

__________________________________

بەشی دوازدە: www.emrro.com/jargondiwazde.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک