په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٦ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا


ئەدەبى کلاسیک / ئەدەبى نەفرەتلێکراو.
(١)
(رێباز، المنهج، میتۆد) کۆمەڵێک پرنسیب و بیروڕاى هارمۆنى پێکەوە هەڵکردووى بیریارێک، یان فەیلەسوفێک، یان قوتابخانەیەکە لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ گەیشتن بە ئەنجامى خوازراو.. بەڵام ئەوەى رێبازى ئەدەبى لە ئەوانیدیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ناشێ داهێنەرانى ئەدەبى لە چوارچێوەیەکى دیاریکراودا قەتیس بکەین، چونکە ئەدەب وەک داهێنان هەمیشە خۆى بە سەر رێبازە ئەدەبییە باوەکاندا دەسەپێنێت و پانتاییەکانیان بەرفرەوان دەکات و دەرگاکانیان بەرەو زیندەگى دەکاتەوە، بەو مانایەش رێبازى ئەدەبى ئەو کاتە دەبێتە جێگاى گفتوگۆ و دانوستاندنى فرە رەهەند و بە سوود، کە بشێ لە بەرژەوەندى پێکهاتە هونەرییەکاندا خۆى بنوێنێ، بە دیوەکەى دیکەشی دەمەوێ بڵێم هەموو رێبازێکى داهێنەرانە تواناى ئیزافەکردن و نوێکردنەوەى هەیە، هەر تەنها لە سنورى دووبارەکردنەوە و لاسایکردنەوەدا گیر ناخوات.


رێبازى کلاسیک classicisme وەک یەکەمین رێبازى ئەدەبى، بە شێوەیەکى گشتى پشت بە کەلەپورى ئەدەبى و هونەرى (رۆمانى و گریکى) کۆن دەبەستێت، ئەو رێبازە بۆ سەدەى شانزەهەم دەگەڕێتەوە و دواى بزوتنەوەى زانستى و رێنیسانسى ئەدەبى ساڵانى (١٥١٥ز - ١٦١٠ز) لە ئەوروپا برەوى سەندووە. هەندێ لە رەخنەگران بنچینە هونەرییەکانى ئەو ئەدەبە لە دراما و تراجیدیادا دەبیننەوە، بۆیە یاسا و رێسا و خەسڵەتەکانى بە (ئەرستۆ ٣٨٤ - ٣٢٢) یۆنانى و قەسیدەکەى شاعیرى رۆمانى (هۆراس) دەبەستنەوە. بێگومان کلاسیک بە زۆر مانا بە کار هاتووە، وەکو ئەدەبى کۆن، ئەدەبى خوێندەوارى بەرز، ئەدەبێک داهێنانى تێدا بێت، ئەدەبێک بێتە هۆى لاسایى کردنەوە، ئەدەبێک بێتە قوتابخانە.. بەو مانایەش زاراوەى کلاسیک زاراوەیەکى کراوەیە، نووسەرى لاتینى (ئۆلۆس گیلیۆس) یەکەم کەس بوو، کە لە سەدەى دووەمى زایینى ئەو زاراوەیەى بە دژى ئەدەبى (شەعبى/ ئەدەبى زارەکى) بە کار هێناوە.. لێرەوە رەنگە بتوانین بڵێین ئەدەبى کلاسیک سەرەڕاى بڵاوبوونەوەى وەک ئەدەبێکى بە (ساڵاچوو) کەچى ناشێ لە کات و شوێنى دیاریکراو و کۆمەڵێک تایبەتمەندى دیاریکراو بەندى بکەین، چونکە بەشێکى زۆرى ئەدەبى کلاسیک هەموو ئەو بەرهەمە ئیبداعى و جوانانە دەگرێتەوە، کە وێڕاى ئەوەى ساڵانێکى درێژیان بەسەردا تێپەڕیووە، کەچى ئێستایشى لەگەڵدا بێت خوێنەرانێکى زۆریان لە دەورى خۆیان کۆ کردۆتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەى ئەدەبى کلاسیک دژ بە ئەدەبى شەعبى هاتۆتە ناوەوە، یان لەبەر ئەوەى دژ بە سیستم و ئاکار و نۆرم و پێوانە باوەکان کارى کردووە، بۆیە جوانى ئەو ئەدەبە بە چینى باڵا و ئەرستۆکراتەوە لکێنراوە!


ئەرستۆ عەقڵ وەک بنەما و پێوانەى فەلسەفەى جوانیى ئەدەب بەرجەستە دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەوە عەقڵ و رۆشنبیرییە، پەیامى کۆمەڵایەتى ئەدیب و شاعیر دیارى دەکات و خۆشى و سوود یەک دەخات، هەر بەو مانایەش ئەرستۆ پێیوایە ئەدەب بۆ هەمووان نییە، بەڵکو بۆ دەستەیەکى دیاریکراوى رۆشنبیرە، تەنها ئەو دەستەیەیە لە هونەر و جوانى شیعر دەگەن، لەو خاڵەوە رەخنەگران، ئەدەبى کلاسیک بە دژى ئەدەبى شەعبى ناو دەبەن. بایەخى ئەو خاڵەش راستەوخۆ پەیوەستە بە گرنگیدانى ئەرستۆ بە فۆرم و شێواز لە لایەک و روونى و جوانى و گوزارشتکردن لەلایەکى دیکەوە.. جگە لەوەش هەمیشە ئەرستۆ جەختى لە سوودى ئەدەب و هونەر کردۆتەوە، سوودى ئەدەب و هونەریش لاى ئەرستۆ ئەوەیە، کە چێژ و خۆشیمان پێببەخشێت! بە بڕواى ئەرستۆ هەموو ئەوانەش لە رێگاى فێربوون و پیشەکارییەوە دێتە دى، فێربوون و پیشەکاریش پشت بە ئیلهام و بەهرە دەبەستێت.


بە کورتى دەتوانین بڵێین ئەدەبى کلاسیک، لە دید و تێڕوانینى ئەدەبى گریکییەوە هەڵقوڵاوە، بە دژى ئەدەبى شەعبى و کۆى وێناکردن و دابونەریت و ئاکارە باوەکان دەوەستێ و بە دەستەیەکى دیاریکراوە دەلکێت.. وەک دەزانین ئەدەبى یۆنانى بە هەموو ژانرەکانییەوە هەر لە رەخنەى ئەدەبى و ئەفسانەوە تا دەگاتە شیعر و شانۆوە بە (پەیگانیزم) بتپەرستییەوە بەندە، کەواتە ئەدەبى کلاسیک سەر بە پەیگانیزمى یونانییە، دواتر رۆمانییەکان دێن و هەموو ئەو بەها ئەدەبییانە لە یۆنانییەکانەوە وەردەگرن. دەمەوێ لە کۆى ئەو قسانەوە بڵێم ئەرستۆ وەک چۆن بە دامەزرێنەرى بنەماکانى تیۆرى ژانرە ئەدەبیەکان ناسراوە، بە هەمان شێوە بە دامەزرێنەرى ئەدەبى کلاسیکیش دەژمێردرێت، بە دیوەکەى دیکەش ئەدەبى کلاسیک لەبەر ئەوەى بە ئەدەبى چین و دەستەیەک دادەنرێت، کە دژى کۆ و دابونەریت و نۆرمە باوەکان وەستاوە، بۆیە دەشێ وەک ئەدەبێکى نەفرەتلێکراو تەماشاى بکەین.

__________________________________

بەشی پازدەم: www.emrro.com/jargonpazde.htm  

بەشی چاردەم: www.emrro.com/jargoncarde.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/jargonsezde.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/jargondiwazde.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک