په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١١\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٤ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

 

لەو رۆژەوە رۆیشتووە تۆراوە دڵى من
هەر چەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵى من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵى من؟!
یاخۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵى من؟!
(بێخود).


رەگەزى مێینەى وشە.
جوانى وێنەى شیعرى.


لە کارى هونەرییدا ریتم دەکەوێتە پێش وشەوە، ریتم هێزى بنەڕەتى شیعر و وزەى کێشکردنى لەخۆدا هەڵگرتووە، خودى ئەو وێناکردنە لە سرووشت و ژیانى دەروونى وەرگیراوە، بۆ نموونە (فۆلکلۆر ستایشى ریتمەکان دەخاتە پێش وشە و ناوەڕۆک).. فەیلەسوفى ئەڵمانى"هیگل" پێیوایە رەگەزى یەکەمى هەموو هونەرێک ریتمى مۆزیکییە.


بەکارهێنانى (وشە و دەستەواژەى رووت) ئەوە نییە، کە لە دەرەوەى یاسا و رێساکانى سیستمى زمان بێ گیان و رۆح بکەوێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە نەکەوتۆتە نێو نوێبوونەوەى بەکارهێنانە بەردەوامەکانى زمانەوە! (فردینان دو سوسێر Ferdinand de Saussure 1857-1913) دەڵێت: زمان (Langue) سیستمێکە یان تۆڕێکە لە ئاماژە و رێسایەک (grammar) بەڕێوەى دەبات. بەڵام وەک دەزانین زمانى شیعرى دەکەوێتە دەرەوەى یاسا و رێساکان و (بیرهێنانەوە) و (خەیاڵ) بەڕێوەى دەبات. ئەگەرچى هەمیشە یاسا و رێساکانى زمان لە دەرەوەى ویستى داهێنەرەوەیە، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا خەونى نوێبوونەوەى زمان و تەجاوزکردن و تێکشکانى یاسا و رێسا باوەکان لە بەرژەوەندى داهێنەردایە.


لە شیعردا (وشە) هەم یادەوەرى (memory) دەوڕوژێنێ و بوار بۆ گەڕانەوەى ئازاد خۆش دەکات، هەم تەجاوزى واقیع دەکات و بەرەو داهاتوو دەچێ؟! بەڵام وشە کاتێک رۆڵى یادەوەرى دەبینێ، کە سیستمى زمان لە دووتوێى خۆیدا (مێى) بکات و تەواوى خەسڵەتەکانى مێینەیى، واتە ریتمى مێینەى بە هەموو ماناکانەوە پێببەخشێت، نەک هەر هێندە بەڵکو ئەخلاق و شێوەى مێیانەشى پێببەخشێت. لەبەرانبەر ئەوەشدا (وشە کاتێک وەک مێیەک) تەجاوزى باو دەکات و ئازادى خۆى پراکتیزە دەکات کە خەیاڵى ئازاد رابەرایەتى بکات!


دەق دەکەوێتە نێو سیستمى زمانەوە. وشە لەنێو سیستمى زمان بڕوابوون بەخۆى لە دەستدەدا و ئەخلاقى وشە لەنێو سیستمى زمان سەرەوژێر دەبێت. بەو مانایە وشە هەمیشە لە دەقدا وەک رەگەز مێیە.. ئەوە دەقە!! کەواتە وشە لە دەقدا بەتەواوى دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتى فاشیانەى زمانەوە، ئیتر لەوێوە داهێنان لەنێو زیندانى زمان (جێگیر/دیل) دەبێت، ئەو جێگیربوونە لە نێو دەقدا (بەبیرهێنانەوە) رابەرایەتى دەکات، بەو مانایەش هەموو بەبیرهێنانەوەییەک جۆرێکە لە جێگیر بوون، هەموو جێگیربوونێکیش جۆرێکە لە دیلبوون؟! بەڵام لەبەرانبەر (دیل/جێگیربوونى بەبیرهێنانەوە) خەیاڵ و بەکارهێنانى تایبەتییانەى دەرەوەى یاسا و رێساکانى زمان هەیە، بە مانایەکى دیکە چەمکى هەڵوەشانەوەى یاسا و رێساکانى زمان بەردەوام وەستاوە. چەمکى هەڵوەشانەوە بەردەوام تەجاوزى واقیعى زمان دەکات و بە هۆى خەیاڵەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێ، ئەو بەکارهێنانە (یاسا و رێساکان تەجاوز دەکات) دەسەڵاتێکى فیکرى و ئیستێتیکى هەیە، ئەویش دەسەڵاتى دووبارە بونیادنانەوەیە. لێرەوەیە کە دەڵێین داهێنان هەمیشە دەرچوونە لە زمان و لەسەر دوالیزمیەتى دووبارە هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوەى بەردەوام رادەبێتەوە، یان لە پلەى سفرى نووسین وەستاوە، بەو مانایەیە کە زمان لە داهێناندا لەسەر زنجیرەیەکى بێ کۆتایى لە بەرهەمهێنانەوەى دال دەژیت!! بە کورتى هەمیشە زمانى شیعرى ئەو زمانەیە کە خەیاڵ رابەرایەتى دەکات، بەبیرهێنانەوە جێگیرى دەکات!! بۆیە هەمیشە پێویستە بڕوامان بە پلەى سفرى نووسین هەبێت.


کەواتە داهێنان بەرهەمى هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوەى بەردەوامە، هەمیشە داهێنان بەرهەمى ئەوەى کە رابردوومان بیر دەخاتەوەو ئەوەى کە بەرەو داهاتوومان دەکاتەوە. بەڵام دەسەڵاتى داهێنان هەر تەنها بە داهێنەرەوە بەند نییە، بەڵکو لە بەشدارى ئەویدیکەى (خوێنەر/وەرگر)ەوە بە ئاکام دەگات. دەسەڵاتى داهێنان راستەوخۆ لە بەشدارى خوێنەرى هوشیار و ئاستە بەرزەکانى خوێندنەوەوە هەڵدەقوڵێ. داهێنان بێ بەشدارى خوێنەر و خوێندنەوەى جۆراوجۆر بوونى دەکەوێتە لەرزەوە. بە دیوەکەى دیکەش داهێنان لە رێگاى خوێندنەوەو رەخنەوە سنوورەکانى دیارى ناکرێت، بەڵکو سنوورەکانى بەرفرەوانتر و ئازادتر دەبێت، ئەوەش راستەوخۆ دەکەوێتە سەر سرووشتى مێینەى وشە، کە جولەى خۆى لەمیانى جولەى فیکر و ئیستێتیکاوە، سەرکێشانە رادەگەیەنێت.

__________________________________

بەشی سێزدە: www.emrro.com/jargonsezde.htm

بەشی دوازدە: www.emrro.com/jargondiwazde.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک