په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٧

کورتە وەڵام! بۆ ئەم گشتپرسییە دۆڕاوە؟


کامیل ژیر      

- ٢٢ -


پێشتر لە چەندین بۆنە و نوسینما وتومە: (راگەیاندنی سەربەخۆیی پێویستیی بە گشتپرسیی نییە) خۆ ئەم باشووری کوردستانە بە گشتپرسیی نەلکێنراوە بە ئیراکی ئەرەبیەوە تا بە گشتپرسیی لێیجیابێتەوە. ئەم گشتپرسییە پێشنیارکراوەش، ڤایرۆسی دۆڕاندنی لەگەڵ خۆیا ھەڵگرتوە! با بزانین چۆن؟


 

بە بڕوای من:


١- کەمینەکانی ناو باشور، بەوانەی ناو ھەرێمو کەرکوکو ناوچە کوردییەکانیتری دەرەوەی ھەرێم کەئەخەمڵێنرێن بە١٥٪ی دانیشتوان، دەنگ بۆسەربەخۆیی کوردستان نادەن.


٢- گۆڕانخوازەکان، بەبەراورد بەکورسیێەکانی پەرلەمانیان، رێژەیان ئەگاتە ٢٤٪، دێز ئاساو لەڕقی پارتی، دەنگ بۆسەربەخۆیی نادەن.. تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش کارابکرێتەوەو دو وەزارەتەکەشیان بدرێتەوەو سەرکردایەتییەکەشیان بریاری دەنگ بۆسەربەخۆیی بدا، ئەوا جەماوەرەکەیان نەک ھەر دەنگ بۆسەربەخۆیی نادەن، بەڵکو بەچاوی رەخنەو گومانەوە ئەڕواننە سەرکردایەتییەکەی خۆیان!


٣- یەکێتیی خاوەن ١٨کورسیش، کەبەدو باڵەوە، ھەمیشە لەسەر دو پەت یاریئەکەن، نیوەی دەنگی ئەمانیش فت. ئەوەتا ھەر لەئێستاوە کەوتونەتە مەرجدانان بۆبەشداربون لەو گشتپرسییەدا! ئەوەشمان بیرنەچێ ‌ئەمان خاوەنی ئەو فەرمودەیەن کەئەڵێ (دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە). بۆیە بەلایەنی کەمەوە رێژەی ٥٠٪ی دەنگی ئەمانیش فت.


٤- کۆمەڵ ھەمان ھەڵوێستی گۆڕانی دۆستیانی ئەبێو ٦٪ەکەی ئەمانیش ئێوەخۆش.


٥- دەوڵەمەندەکانی دوای راپەڕینیش، لەئێستاوە ئەڵێن: لەچیمان کەمە، لێمان تێکمەدەن. ئەمانیش بە لایەنی کەمەوە ١٪یان بۆ دانێ و فت.


ئیتر با باسی خەڵکە برسی و ناڕازییەکانیش نەکەین کە لە لایەک بە دەس بێ موچەیی و بێ کارییەوە ئەناڵێننو لەلایکیتریشەوە بەچاوی خۆیان جەردە ھەڵگڕاوەکانی ھیزب ئەبیننو نەفرەت لەھەمو داواکاریو پێشنیارێکی ھیزبەکان ئەکەن!. دیارە چەمی ناوچەی زەردو یەکگرتوش بێ چەقەڵ نابێ.


بەوجۆرە: ١٥+٢٤+٩+٦+١=٥٥٪ی میللەت، بەلایەنی کەمەوە، دەنگ بۆسەربەخۆیی نادەنو گشتپرسییەکە ئەدۆڕێو پرسی سەربەخۆیی ١٠٠ ساڵیتر ئەداتە دواوە! واتا ئەم گشتپرسییە ئەبێتە سایکس بیکۆیەکیتر. باوەڕیشناکەم پارتیو یەکێتی ئەم راستییە نەزانن. ئەی بۆچی ئەم گشتپرسییە دۆڕاوە ئەکەن!؟


لە وەڵاما بەکورتی ئەڵێم: ئەم گشتپرسییە، یا بۆمژینی رقی خەڵکە لەگەندەڵییەکانیان، یا ئەشێ ئەمانیش ھەر سەربەخۆییان نەوێ، بەڵام بۆموزایەدەو بۆئەوەی لەو قسەیەش رزگاریانببێ کە ئەوترێ ئەمانە پیاوی دروستکردنی دەوڵەتنین بەبەڵگەی ئەوەی تائێستا چەندین ھەلی سەربەخۆییان لەدەسداوە، ئەیانەوێ بەم گشتپرسییە دۆڕاوە، خۆیان لەو رەخنەیە قوتارکەنو کڵاوی خەتاکەش بکەنە سەر میللەتو بڵێن ئەوەتا میللەت خۆی سەربەخۆیی ناوێ!! ئاخر ئەوانە کەی لەپرۆگرامیانا بەندێک ھەیە بۆسەربەخۆیی!؟ ئەو (مافی دیاریکردنی چارەنوس)ەش کەجارجار‌خۆیانی پێوە بائەدەن، تیغێکی دو دەمەو ئەشێ بۆپێکەوەژیانیش لەگەڵ داگیرکەرانا بەکاربھێنرێ. ئنجا سیاسەت جەمسەری زۆرە، بەدوری نازانم ئەم گشتپرسییە دۆڕاوە، دەستێکی دەرەکیی نەیاری لەپشتەوەبێ بۆئەوەی سەربەخۆییەکەی پێ زیندەبەچاڵبکرێ!. ئەی وانیە؟ ئەی ھەر پەلێکی ناوخۆ بەدەس نەیارێکی دەرەکییەوەنیە؟؟


ڤایرۆسێکیتریش بۆ لەبێشکەداخنکاننی ئەم گشتپرسییە ‌ئەوەیە: ئەمڕۆ تەنیا ٣مانگی ماوەو ٣سانتیمەتر زەمینەسازی بۆسەرکەوتنی گشتپرسییەکە نەکراوە! تائێستا گشتپرسییەکە ھەر قسەی روتەو قسەش ناچێتە گیرفانەوە.

بە ھیوام من ھەڵەبم و گشتپرسییەکە زۆرینەی دەنگبێنی بۆسەربەخۆیی. ئەوەش دوبارەئەکەمەوە کە ئەم قوماری گشتپرسییە، نەکردنی باشترە لەکردنی. لەنەکردنیا ھیوایەک بۆسەربەخۆیی ھەرئەمێنێ. لەدۆڕاننیا مایەکەمان ئەبێتە مایەی پیازفرۆش! بەڵام ئەگەر ھەر کرا، ئەوا شەڕەو یەخەت ئەگرێ – ئەگەر نەیکەی خوا ئەتگرێ.‌ بۆیە پێویستە سەرنجی ئەم خاڵانە بدرێ:


ا) سەربەخۆیی خواستی میللەتە، ھی ھیچ کەسو ھیزبێک نیە. با کەس لەرقی ئەم یا ئەو دەنگ بەمانەوە لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر نەدا. ئەنفالەکانتان بیرنەچێ!

 
ب) ئەگەر دیوی ناوەوەی ئەم گشتپرسییە بۆئەوەیە ھیزبە دەسەڵاتدارەکان تاوانی نەبونی دەوڵەت لەکۆڵ خۆیان بکەنەوەو بیخەنە ئەستۆی میللەت وەک لەسەرەوە ئاماژەیەکما بۆکرد! ئەوا با زۆرینەی میللەت دەنگبدا بۆسەربەخۆییو ئەوسا بزانین ئەمانە ھینی ئەو بارەن!؟ یا وەک ھەلیمەخان، ئەگەڕێنەوە بۆنەرێتەکەی جاران؟ کوردواتەنی ئەو خوەی گرتویانە بەشیری، تەرکیئەکەن بەپیری؟ ئەوەش مەرجە کەئەبێ راگەیاننی سەربەخۆییەکە نەکەوێتە دوای ھەڵبژاردنە گشتییەکەی کۆتایی ئەمساڵ! ئەگینا کێ باوەڕ بەوەئەکا گشتپرسییەکە موزایەدەنەبوە!؟ یا بۆئەوە نەبوە چەن دەیەیەکیتر درێژە بەدەسەڵاتەکەیان بدەن؟


پ) وەک وەڵامێ بۆ ئەوانەش کە (نان)یان لەسەربەخۆیی لاچاکترە! ئەڵێم: تێربونی چینە برسییەکان، ھەر لەژێر سایەی سەربەخۆییدا دێتە ئەنجام، نەک لەژێر باری دیلێتیا.


ت) باشترین بەربەستیش لەئەگەری ‌نیازی خراپی ھیزبە گەندەڵەکانو داگیرکەران، ئەوەیە زۆرینەی میللەت دەنگ بۆسەربەخۆیی بدا. بەوە میللەت براوەو ئەوان دۆڕاو.

__________________________

کورتە وەڵام - ٢١ -: www.emrro.com/kurtewelam21.htm

کورتە وەڵام - ٢٠ -: www.emrro.com/kurtewelam20.htm

کورتە وەڵام - (١٧ - ١٩) -: www.emrro.com/kurtewelam17u18u19.htm

کورتە وەڵام - ١٦ -: www.emrro.com/kurtewelam16.htm

کورتە وەڵام - ١٥ -: www.emrro.com/kurtewelam15.htm

کورتە وەڵام - ١٤ -: www.emrro.com/kurtewelam14.htm

کورتە وەڵام - ١٣ -: www.emrro.com/kurtewelam13.htm

کورتە وەڵام - ١٢ -: www.emrro.com/kurtewelam12.htm

کورتە وەڵام - ١١ -: www.emrro.com/kurtewelam11.htm

کورتە وەڵام - ١٠ -: www.emrro.com/kurtewelam10.htm

کورتە وەڵام - ٩ -: www.emrro.com/kurtewelam9.htm

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک