په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٣

ژارگۆن - ١٩ -.


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

بە دەریا بنگرم دەریا تو وینوم
بە سەحرا بنگرم سەحرا تو وینوم
بە ھەر جا بنگرم کوە و دەر و دەشت
مەگەر ئان دەم کە زیبایی تو وینوم.
(بابا تاھیر).

(٤)
رێبازی کلاسیک ھەر لە سەدەی دووەمی زایینی لەلایەک وەک رێبازی قوتابخانەیی، یان بنەڕەتی و باڵایی.. و لە لایەکی دیکە وەک ئەدەبێکی ئاڕاستەکراوی دەستە و تاقمێکی ئەرستۆکراتی و پایە بەرز.. خۆی لە رەوانبێژی زمان و ھێزی تەعبیرکردن و روون و ئاشکرایی دەدۆزێتەوە، بەڵام لە سەردەمی رێنیسانسی ئەوروپی ئەدەبی کلاسیک بە ھەموو ئەو ئەدەبە دەگوترا، کە خۆی لە بەھا مرۆییەکان (خێر) و (راستی) و (جوانی)دا دەبینییەوە! ھەمیشە بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتیش دەکەونە دەرەوەی شوێن و کات و چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتییەوە. بەھا مرۆییەکان لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەدەبی سەردەمی رێنیسانس دەژمێردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەدەبی کلاسیک لە سەردەمی رێنیسانسدا بە ھەمان شێوەی سەردەمی پێشوو، پارێزگاری لە شێواز و رەوانبێژی و ھێزی تەعبیرکردن و بەرجەستەکردنی سۆز و پەیوەستبوون بە پرنسیبەکانی ئەخلاق و رێزگرتن لە نۆرمە کۆمەڵایەتییە باوەکان و بەکارھێنانی بۆ ئامانجی فێربوون.. دەکرد.

 

دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئەدەبی کلاسیک لە سەدەی دووەمی زایینی و سەردەمی رێنیسانس، جیا دەکاتەوە، جگە لە بەھا مرۆییەکان، خۆی لە کەشفکردن و شیکردنەوەی دەروونی مرۆڤ و جەختکردنی شێواز و بابەتگەراییدا خۆی دەبینێتەوە، ھەموو ئەوانەش پشت بە (رۆشنبیریی) و (پیشەیی بوون) دەبەستێت، ئامانجەکەشی لە چێژی ھونەرییدا دەردەکەوێت. ھەڵبەتە لە دووبارەکردنەوەی ھەموو ئەوانەدا، پرسیاری من ئەوە نییە (ئەدەبی کلاسیزمی کوردی) دەکەوێتە کوێی ئەدەبی کلاسیکەوە؟ بەڵکو دەمەوێ بڵێم ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی ریشەی ئەدەبی کلاسیک بە ھەموو ژانرەکانییەوە بە دید و بۆچوون و تێڕوانینی بتپەرستی گریکییەوە بەند بێت و رۆمانییەکان کۆی ئەو بیروڕا و بەھا ئەدەبیانەیان لەوانەوە وەرگرتبێت، ئایا دەتوانین دیدی بتپەرستی لە نێو (ئەدەبی کلاسیزمی کوردی) بەدی بکەین؟

ھەڵبەتە کریستانییەکان لە سەردەمی خۆیان دژی بەھای بتپەرستی بوونە و ھەوڵیانداوە ئەدەبی کلاسیک مۆڕکی ئایینی مەسیحی وەربگرێت، بەڵام ھۆی سەرنەکەوتنیان راستەوخۆ پەیوەندی بە ھێزی سەرچاوە یۆنانیەکەوە ھەبووە!! بەڵام لە بیرمان نەچێ لە سەدەکانی ناوەڕاست (پێش رینیسانس) دەسەڵاتی کلیساوە، پیاوانی ئایینی توانیان ئەدەب و ھونەر بە گشتی بخەنە ژێر بیروڕایەک کە لەگەڵ کلیسەدا بگونجێ، ئەدەب و ھونەرییان ئاڕاستە دەکرد و دەیانویست لە خزموتی ئایین و پیاوانی ئایینیدا بێت، ھەر بۆیە فەیلەسوفانی ئیستێتیکا رایانوایە کە رێنیسانس قەڵەمبازێکە بە سەر سەدەکانی ناوەڕاست و بیروڕای کلیسە. رینیسانس ھەوڵدانێکی مەزن بوو بۆ رزگارکردن لەو کۆت و پێوەندانەی دەرەبەگایەتی بە سەر نووسەر و ھونەرمەنداندا سەپاندبووی..


شاعیر و رەخنەگرەی ئینگلیزی (جۆن میلتۆن ١٦٠٨-١٦٧٤) یەکێک بوو لەوانەی کە ئایین و کتێبی پیرۆز (ئینجیل)ی بە سەرچاوەی سروش دادەنا و وەک ناوەڕۆکی کارەکانی سوودی زۆری لێوەردەگرتن. بە دیوەکەی دیکەش میلتۆن یەکێک بوو لەو رەخنەگرانەی، کە پێیوابوو ئەدەب بە ھەموو ژانرەکانییەوە ئامرازێکە بۆ دنەدان و دنەدانی فیکرەیەکی دیاریکراو، وەک چۆن جەختی لەسەر وەزیفەی سیاسی شیعر دەکردەوە، گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانیشی بە ھەند ھەڵدەگرت، بەڵام ھەمیشە مەسەلەی چێژی بە نیازێکی ئەخلاقی و جوانیی دەبەستەوە، نەک بە تاقم و چینێکی دیاریکراوەوە.. من دەپرسم ئایا ئەوە ھێزی (ئایینی ئیسلام)ە وا دەکات ئەدەبی کلاسیزمی کوردی لە (حوجرە و مزگەوت)ەکانەوە سەر ھەڵبدات، یان پەیوەندی بە بێھێزی (ئەدەبی زارەکی کوردیی) و بە بێ ئاگایی و دەرک نەکردنی (چەمکی لاساییکردنەوەی ئەرستۆیی و عەقڵ وەک بنەمایەک بۆ فەلسەفەی جوانی ئەدەب)ەوە ھەیە، کە بە بنەما سەرەکییەکانی ئەدەبی کلاسیک دەژمێردرێن؟

بێگومان سەرەتای بەرەوپێشچوونی ئەدەبی کلاسیک لە ئیتاڵیا، لە سەدەی سێزدەمی زایینی دوای پەیبردن بە ئەرستۆ و بنەما گریکییەکان، بە تایبەتی لەسەر دەستی شاعیرانی سەردەمی رێنیسانس و دواتر لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و لەسەر دەستی پێشەنگی قوتابخانەی ئینگلیزی (شکسپیر ١٥٦٤-٦١٦ز) گەیشتە ترۆپک. بەڵام لە سەدەی شانزە و حەڤدەی زایینی ئەوە رەخنەگران و رەخنەگرانی فەرەنسی بوون، توانیان لە رێگای کۆمەڵێک تیۆر و پرەنسیبەوە، ھێزێکی نوێ بە ئەدەبی کلاسیک ببەخشن! ئەگەرچی وازیان لە چەمکی (لاساییکردنەوە)ی ئەرستۆیی نەھێنا، بەڵام بایەخێکی زۆریان بە عەقڵگەرایی و فیکرەی تاکگەرایی دەدا و توانیان جۆرێک لە ھاوگونجان لە نێوان بابەتگەرایی بنبەستی کلاسیکی کۆن و خودگەرایی پەڕگیری رۆمانسیی دروست بکەن. یەکێک لەو رەخنەگرانە، رەخنەگری فەرەنسی (نیکۆلا بوالۆ ١٦٣٦-١٧١١) بوو، کە توانی جەخت لە یەکێتی (بابەت) و (شوێن) و (کات) بکاتەوە و بنەغەکانی ئەدەبی کلاسیک نوێ بکاتەوە. ھەر لەوێشەوە قوتابخانەیەکی جیاواز لە زۆر رووەوە بە ناوی نیوکلاسیک (Neo classical) ھاتە ئاراوە.

__________________________________

بەشی نۆزدەم: www.emrro.com/jargonnozde.htm

بەشی هەژدەم: www.emrro.com/jargonhejde.htm    

بەشی شازدەم: www.emrro.com/jargonshazde.htm   

بەشی پازدەم: www.emrro.com/jargonpazde.htm  

بەشی چاردەم: www.emrro.com/jargoncarde.htm

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/jargonsezde.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/jargondiwazde.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/jargonyazde.htm  

بەشی دەیەم: www.emrro.com/jargonde.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/jargonno.htm  

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/jargonhesht.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/jargonheft.htm  

بەشی شەشەم: www.emrro.com/jargonshesh.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/jargonpenc.htm   

بەشی چوارەم: www.emrro.com/jargonciwar.htm  

بەشی سێیەم: www.emrro.com/jargonse.htm 

بەشی دووەم: www.emrro.com/jargondu.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/jargonyek.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک