په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٨

کورتە وەڵام! بۆ پرسی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی گونجاو.


کامیل ژیر      

- ٢٧ -


بۆ ھەر دەردێک زانینی ٣رێگە پێویستە: ١- پەیبردن بەدەردەکە. ٢- ھۆکەی. ٣- چارەکەی.


بۆ کێشە گەورەکەی کوردیش، ھەمان سێ رێگە:


یەکەم: دەردەکە چیە؟ بێ دەوڵەتیە.


دوەم: بۆیە دەوڵەتمان نیە، چونکە لەدێر زەمانەوە، کورد کۆمەڵکوژ ئەکرێ. لەدوای ھەرەسی دەوڵەتی مادەوە، فارسەکان کەوتنە کۆمەڵکوژیی کورد. فتوحاتی ئیسلامی قەلاچۆی کوردی کرد. ھێرشی مەغۆلەکان کۆمەڵکوژیی کوردیشی گرتەوە. عوسمانیو سەفەوی ھەریەک بەجۆرێ کوردیان کۆمەڵکوژ کردوە. ئەنکەرەو تارانو بەغاو شام، درێغیان نەکردوە لەکۆمەڵکوژیی کوردا. چەندین نمونەیتر، دواجار داعشو حەشدیش.


ئەم کۆمەڵکوژیانە، کوردیان بەچەترسێنکردوە وەک ئەو منداڵەی کە باوکی بە لێدانی زۆر بەچەترسێنی ئەکاتو منداڵەکە لەکۆڵان یا قوتابخانە، منداڵانیتر بەئاسانی ئەیبەزێنن. واتا منداڵەکە ھەر لەماڵەکەی خۆیەوە کەسێتییەکەی شکست ئەھێنیو لەناخیدا باوەڕی بەخۆی نامێنێ کەئەتوانێ ئەویش زاڵبێ بەسەر منداڵێکیتردا!. لەبەرئەوە ھەمیشە وایپێخۆشئەبێ ببێتە خواردەستو پاشکۆی منداڵیتر.


کوردیش ھەر وایبەسەرھاتوە. لە نەست(لاشعور)یدا باوەڕی بەوەنەماوە کەئەتوانێ زاڵبێ بەسەر ئەوانەدا کەکۆمڵکوژیانکردوە، باوەڕی بەوەشنەماوە کەئەتوانێ خۆی فەرمانڕەوایی خۆیبکا بەھۆی ئەو شکستانەی ھێناوێتی! ھەمیشە ملکەچە بۆئەوەی نەتەوەیەکیتر فەرمانڕەوایبێو ئەمیش نۆکەرێتیی بۆبکا! بەدەربڕینێکیتر، کورد توشی گرێی دەرونیی خواردەستیبوە. واتا لەنائاگاییدا وائەزانێ کە فەرماڕەواکەی ھەر ئەبێ بێگانەیەکبێ!. لەمەوە دیاردەی جاشێتیش دروستبوە. ئدریسی بەتلیسی بەم دەرونە سەقەتەوە میرنشینییە کوردییەکانیکرد بەپاشکۆی عوسمانی. شازدەی ئکتۆبەریش ھەر بەوجۆرە!


لەھەمو گشتێکدا دەگمەنیش ھەیە. لەناو کوردیشدا کەسی وا ھەڵکەوتوە کە باوەڕی بەخۆیبێ. شۆڕشی بەر‌پاکردوە، یا قەوارەیەکی سیاسیی بۆ کورد پێکھێناوە، بەڵام چونکە ھاوکارەکانیو نەتەوەکەی لەناخیاندا شکستخواردوبون، باوەڕیان بەوەنەبوە کە ئەو سەرکردەیە سەرکەوتوئەبێ، یا ئەو قەوارەیە تاسەرئەبێ، بۆیە نەک ھەر بەرگەی ھێرشێکی داگیرکەریان نەگرتەوە، بەڵکو ھاوکاریشبون لەگەڵ ئەو داگیرکەرەدا، واتا بە نرخێکی ھەرزان، یا بەبێ ھیچ نرخێک، بون بە جاشی ئەو داگیرکەرە. یا بەلایەنی کەمەوە تەنیا دەوری سەیرکەریان بینیوە!


لەگۆشەیەکیترەوە، داگیرکەرانی کوردستانیش، بەبێ ترس، کۆمەڵکوژیی کوردیانکردوە، چونکە زانیویانە ئەگەر کورد لەشەڕێکدا سەریشکەوێ، کۆمەڵکوژیی ئەوان ناکا! لەبەرئەوەی خاوەن کەسێتییەکی شکستخواردوە، نەک لەبەرئەوەی کورد مرۆڤدۆستە وەک ھەندێ رۆشنبیری ترسنۆک ئەیڵێنو فەلسەفەی مرۆڤایەتیمان پێئەفرۆشن!! جائەگەر لەو ھەلانەدا کەبۆ کورد رێکەوتون، کۆماڵکوژیی دوژمنمان بکردایەتەوە، ئەوا ئەوان، یا جارێکیتر پەلاماریان نەئەداینەوە، یا لەترسی تۆڵە،‌ زاتی ئەوەیان نەئەکرد کۆمەڵکوژمان بکەنەوە. ئەم بارە دەرونیە شکستخواردوە وایکردوە کە تۆڵە لەجاشو گەندەڵو ناپاکانی ناوخۆش نەکرێتەوە!


لەمبارەیەوە ھەندێ نمونە: سەلاحەدینی ئەیوبی و ئەبو موسلیمی خۆراسانی، بەو لەشکرە زۆرەی ھەیانبو، ئەیانتوانی تۆڵەی کۆمەڵکوژیی (فتوحاتەکانی ئەرەب) بکەنەوە، یاھیچنەبێ قەوارەیەک بۆ نەتەوەکەی خۆیشیان درۆستبکەن، نەیانکرد!. دوای راپەڕین، ھەمو ئەو ھێزە چەکدارانەی ‌کوردیان ئەنفالکرد، کەوتنە دەست کورد، کەچی لەجیاتی تۆڵەسەندنەوە، داڵدەدرانو بەڕێزەوە گەیەندرانەوە زێدی خۆیان!. جاشو گەندەڵو ناپاکانی ناوخۆش نەک ھەر سزانەدران، بەڵکو پاداش درانەوە!. فڕۆکەوانە تورکومانەکەی کەھەڵەبجەی کیمیابارانکردو کەوتەدەس کورد، بەرەڵاکرا!. دوای ٢٠٠٣ ئەرەبو تورکومان، کەرکوکو دوزو ناوچە کوردییە داگیرکراوەکانیتری کوردستانیان بەجێھێشت، کەچی کورد چون بەڕێزەوە ھەمویانیان ھێنایەوەو دەوڵەتی ئیراکیشیان نۆژەنکردەوە، ئەوانیش لە ١٦ئوکتۆبەری ٢٠١٧دا جارێکیتر کوردیان کۆمەڵکوژ کردەوەو ناچاریانکردن لەھەندێ ناوچەدا زێدی خۆیان جێبێڵن چونکە ترسی پەرچەکرداری کوردیان نیە. ئەوەتا ئێستە، لەجیاتی خۆڕێکخستن بۆتۆڵە، لەنێوان سلێمانیو ھەولێردا پێشبڕکێیە بۆئەوەی ھەرێم زیاتر بخەنە ژێر بالی بەغدادەوە بەناوی دەستورو دانوستانەوە!. دانوستانەکەش بۆ بوجەو موچە، نەک بۆ سەندنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، یا تۆڵەی کۆمەڵکوژییەکە!! ئەوە لەکاتێکدا کورد لە١٦ی ئوکتۆبەردا بەشەڕ نەیدۆڕانوەو پێشمەرگەش شکۆی نەشکاوە. ئێستاش ئەکرێ ئەو ناوچانە بەھەمان شێوازی ئەوان بسەنرێنەوە نەک بەپاڕانەوەو دانوستان یابەدەستورو ‌مادەی ئێکسپایەری ١٤٠. پێشمەرگە ھیچکات ئەوەندەی ئێستە بەژمارە زۆر، پڕ چەکی قورس، پاڵپشتی نێودەوڵەتیو ورەی بەرز نەبوە. بەڵام رابەرایەتییەکەی متمانەی بەخۆینیە! یا تەنیا لەخەمی پاراستنی سامانە ناڕەواکەیایەتی! ئەگینا ئەوە چ بیرکردنەوەیەکە ئەو رابەرایەتییەی بەو ھەمو ھێزو چەکی قورسو ورەی بەرزی پێشمەرگەوە نەیتوانی ئەو شوێنانە بپارێزێ، ئێستە بەدانوستان ئەتوانێ بیانسەنێتەوە!؟


ئەم گرێی خواردەستییە، لەڕابوردوەوە،‌ رەگی بەناخی کوردا رۆچوە. کەریم خانی زەند، دوای مردنی نادر شا، ٢٩سال ( ‌ ١٧٥٠ تا١٧٧٩ )فەرمانڕەوایی ھەمو ئێرانی کەوتە دەستو ئێران ناونرا دەوڵەتی زەند، زەندییەکانیش کوردن. بەسرەش کەوتە ژێردەستی ئەو دەوڵەتە، کەچی کەریم خان لەجیاتی ئەوەی نازناوی پاشا لەخۆی بنێ، نازناوی (وەکیل)ی لکان بەخۆیەوە، مەبەستی ئەوەبو کە بەوەکالەت فەرمانڕەوائەبێ تا کوڕەکەی نادر شا گەورە ئەبێ، ئەوسا جڵەوی فەرمانڕەوایی ئەگێڕێتەوە بۆ نەوەی نادر شای فارس!!. جگەلەوە چەندین ھەلیتر بۆکورد رێکەوتوە کە دەسڵاتی ھەمو ئیراک یا سوریا بگرێتەدەست، کەچی ئەو ھەلانەی لەدەستداوە چونکە باوەڕی بەخۆی نەبوە،‌ لەبەرئەوەی کەمینەیە! کەچی کەمینەی سونە لەئیراک ١٩٢١تا ٢٠٠٣و کەمینەی عەلەوی لەسوریاو کەمینەی فارس لەئێران تا ئێستا فەرمانڕەوان!. کوردیش ئەیتوانی، یائەتوانێ دەسەڵاتی پایتەختێک بگرێتە دەست. بەناو، ھەربەناوی ئەوانەوە. بەڵام بەناوەرۆک، بۆ راژەی خۆی.


سێیەم: چارەسەریەکان:


ا) پێشەکی ئەبێ ئەو راستییە بزانین کە ئەم ھەرێمی کوردستانەی ئێمە،‌ بۆتە راستییەکی چەسپاو و بۆھیچ ھێزو دەوڵەتێکنیە لەناویبەرێ. بەتایبەتی ئێستە لەبەرژەوەندیی زلھێزەکانە کەبیپارێزن، سەرباری بریارەکانی ٦٨٨و ھێلی ٣٦و ناوچەی دژەفڕینو ئارامو دەریایەک نەوتو گاز.
ب) بۆئەم دۆخەی ئێستاو بۆپرسی دەوڵەت بەگشتیو بەکورتی، ئەوەیە کەسێک یا ھێزێکی چەکداری نیشتمانیو دیکتاتۆر، جڵەوی کار بگرێتە دەستو ئەم ئەرکانە ئەنجام بدات:


١- دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتوی رزگاریی مۆدێڕن (ھەر بەناوی پێشمەرگەوە لەھەردو رەگەز)‌و پڕچەککردنی بەھەمو جۆرە چەکێک بەچەکی ئاسمانیشەوە. تەنیا ئەو سوپایەو رابەرەکەی جڵەوی شەڕو بەرگریو کارو سەرکردایەتی وڵات بگرێتە دەس، نەک ئەوانەی ٢٦ساڵە لەزەلکاوی گەندەڵیدا مەلەئەکەن.
سەبارەت چەک، چەندین سەرچاوە ھەیە کە ئامادەن چەکی قورسو فڕۆکەو چەکی ئەتۆمیشت بەقەرزی نەوتو گاز پێبفرۆشن. ئەوسا ناوچە داگیرکراوەکانیش بەئاسانی ئەسەندرێنەوە.‌
٢- رونکاری (شەفافیەت) لەداھاتو خەرجییەکانداو وردبینیکردنیانو گلدانەوەی بەشێک لەداھاتی گشتی لەبانکی ناوەندا بۆ یەدەک.
٣- بنەبڕکردنی گەندەڵیو سزای ناپاکو گەندەڵکارو سەندنەوەی ماڵی دزراو. بەنەھێشتنی گەندەڵی، ئەبینە خاوەنی ئابورییەکی ئەوتۆ کەپێویستیمان بەبوجەو موچەی بەغدا نامێنێ.
٤- پەروەردەی کوردایەتی لەمنداڵییەوە. ئەگەر ئەوە ‌نەکرێ، ئەوا ناخی نەوەکانمان بەپەروەردەی دژەکوردایەتی پڕئەکرێتەوە.
٥- رزگارکردنی کورد لەگرێی خواردەستیو وازھێنان لەبەزەییو درۆی مرۆڤایەتی. لەھەر لایەکەوە رێکەوت، ئەبێ بەھەمان شێوازی دوژمن وەڵامبدەنەوەو دەس بوەشێنن. ئەگەر ئەوەنەکرێ، چەندین جاریتر کۆمەڵکوژ ئەکرێینەوە.
٦-یاسا بەڕاستی سەروەربێو ئەنجومەنی وەزیران لەکەسانی پیشەوەر (تەکنۆکرات) پێکبێ.
٧-نەھێشتنی پارتایەتی تا ھوشیاریی نەتەوەیی ئەگاتە ئاستێکی بەرز. ئەو گەڕەلاوژەی پارتایەتییەی ئێستە، شێرپەنجەی کوردە.
٨- نەھێشتنی درۆی دیموکراتی. دیموکراسی لەکۆمەڵگەی دواکەوتودا، واتا دەسەڵاتی زۆرینەی خراپ بەسەر کەمینەی باشدا. یا ھەر ناوێکی بێ ناوەرۆکە.
٩- سیستمی پەرلەمانی دوابخرێ بۆدوای سەربەخۆیی.
١٠- لەدۆخی نائاساییو تەنگژەی ئابوریدا، تەنیا ئەوەندەی رادەی کەمی ژیان، موچە دابینکرێ بۆموچەخۆران بەیەکسانی (وەکیەک) لە سەرەک وەزیرانەوە تا بچوکترین موچەخۆر. خۆ ئەگەر پلە بەرزەکان بۆ ماوەیەکی گونجاو خۆبەخشانە کاربکەن، ئەوا ئەبنە نمونەیەکی باش بۆئەوەی پلە نزمەکانیش بەموچەیەکی کەم رازیبن تا کۆتایی تەنگژە ئابورییەکە.
١١- خۆماڵی (تامیم) کردنی زەویو بەگرێبەستی درێژخایەن بدرێ بەکرێ بەکەرتی تایبەتو بەکۆمپانیای بیانی بۆ مەبەستی وەبەرھێنانی کشتوکاڵیو پێشەسازیو گەشتیاریو ئاژەڵداریو گەشەدانیان، واتا گەشەی ئابوری لەھەمو رویەکەوە بەکەرتی نەوتو گازیشەوە. ئەوی ئەرکەکەی ئەنجامنەدا، سزابدرێ.
١٢- لەم دۆخەماندا، تەنیا یەک زانکۆو یەک دەزگای راگەیاندن بەسە. ئەوانیتر پارەبەفیڕۆدانو بێ بەرھەمن. بەگشتی دەسگرتنەوە (تقشف) لەھەمو بوارەکاندا.‌
١٣- دڵنیایی تەندروستی بۆھاولاتیانو پەرە بەنەخۆشخانە گشتییەکان. خەستەخانەی ئەھلیو نۆڕینگەو ئەزمونگە تایبەتەکان نەھێڵرێو موچەی پزیشکو ئەزمونکارو مامۆستا بەپێی بارستایی کارەکانیانو ژمارەی وانەکانیانبێ.
١٤- دەستورێ سەروەریی یاساو ئازادیو یەکسانیو مافی پێکھاتە ئاینیو نەتەوەییەکانو مافی ئافرەتی تیاپارێزراوبێ.
١٥- لەھیچ کاتێکا ھەمو ھێلکەکان نەخرێنە سەبەتەیەکەوە. ئەبێ ئەو راستییە بزانین کە زلھێزەکان ھەمیشە چاویان لەنیشتمانو لەسامانە سروشتییەکانمانە. بۆئەو مەبەستە،‌ ھەر لایەکیان بەجۆرێ یاری بەئێمە ئەکەن. ئەبێ ئێمەش خۆمان ھەرزانفرۆش نەکەین بەھیچ لایەکیان. بەڵکو پێویستە ئێمەش گەمە بەھەمویانو بە چوار داگیرکەرەکەشمان بکەین.
١٦- ئەگەر گەندەڵی نەھێڵین، پێویستیمان بەبوجەی بەغدا نابێ.
١٧- ئەگەر ژمارەی موچەخۆرانی میری بەڕێژەی ٧٥٪ کەمکرێنەوە، کەرتی تایبەتیمان ئەبوژێتەوەو بەرھەمی کشتوکاڵیو پیشەسازیو ئاژەڵیو بەروبومیان بەجۆرێ پەرەئەسەنێ کە ھەناردەکردنمان لەھاوردەکردنمان زیاتربێ. ‌


بنەما گشتییەکان:


ا- کوردایەتی، راگری بونو مانی ئێستەو ئایندەمانە. بیروباوەڕەکانیتر، فەلسەفەی ئەو جۆرە کەسانەن کە بەبڕوانامەیەک یا خوێندنەوەی چەند کتێبێک خۆیان لێئەبێتە فەیلەسوف. ھەروەھا فەلسەفەی ‌ترسنۆکەکانو نەزانەکانو ئەوانەی لەئەنجامی گرێی دەرونیو خواردەستییەوە باوەڕیان بەخۆیانو نەتەوەکەیان نیەو..تاد.
ب- ھەمو نزیکبونەوەیەک لەداگیرکەران، دورکەوتنەوەیە لەسەربەخۆیی.
ج- سەربەخۆیی کوردستان لەھەمو ھەلێکدا کاتیەتی.
د- نۆژەنکردنەوەی ماڵی داگیرکەران، وێرانکردنی ماڵی داگیرکراوانە.
ھە- ئاشتیو برایەتی لەنێوان داگیرکەرو داگیرکراوا، کۆیلەیەتییە بۆدوەمیان. ئەبێ کوردستان لەجەنگێکی گەرم یا ساردابێ تا رزگارکردنی دوا بستە خاکی.
و- وەرگرتنی ھەر پۆستێکی وەزاریو پەرلەمانیو سەربازی لەناو دەسەڵاتی داگیرکەرانا، دەرزییەکی سڕکەرە لەجەستەی کوردستان. مەگەر بۆمەبەستی قۆستنەوەی ھەلێک بۆ دەسەڵات بەپێی پلانێکی تۆکمە. ئەشێ ئەمە یەکێکبێ لەچارەسەرییە کاریگەرەکان.
ز- خواپەرستی، پێویستی بەمزگەوتو کەنیسەنیە. باھەرکەس لەماڵی خۆیا خواپەرستیی خۆی بکا. مزگەوتو کەنیسەکان بکرێنە مەڵبەندی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی.


تێبینی: وەک چۆن ژینگەکان چونیەکنین، کۆمەڵگەکانیش چونیەکنین، ھەرکۆمەڵگەو لەھەر سەردەمو بارودۆخێکا، جۆرە خەباتێکو جورە سیستمێکو جۆرە بیروباوەڕێکی بۆئەگونجێو گەشەی پێئەدا. واتا ئەبێ کاڵا لەقەد باڵابێ. ئەم بەرنامەیە کاڵای بەقەد باڵای ئەمڕۆی باشوری کوردستانەو لەھەلی گونجاودا دەوڵەتیش دابینئەکا. ئایندە، بەرنامەی جیاوازی خۆی ئەبێ. ئەم بەرنامەیەش پێشنیارەو شیاوی لێکۆڵینەوەیە لەھەر بەڕێزێکەوە.

__________________________

کورتە وەڵام - ٢٦ -: www.emrro.com/kurtewelam26.htm

کورتە وەڵام - ٢٥ -: www.emrro.com/kurtewelam25.htm

کورتە وەڵام - ٢٤ -: www.emrro.com/kurtewelam24.htm

کورتە وەڵام - ٢٣ -: www.emrro.com/kurtewelam23.htm

کورتە وەڵام - ٢٢ -: www.emrro.com/kurtewelam22.htm

کورتە وەڵام - ٢١ -: www.emrro.com/kurtewelam21.htm

کورتە وەڵام - ٢٠ -: www.emrro.com/kurtewelam20.htm

کورتە وەڵام - (١٧ - ١٩) -: www.emrro.com/kurtewelam17u18u19.htm

کورتە وەڵام - ١٦ -: www.emrro.com/kurtewelam16.htm

کورتە وەڵام - ١٥ -: www.emrro.com/kurtewelam15.htm

کورتە وەڵام - ١٤ -: www.emrro.com/kurtewelam14.htm

کورتە وەڵام - ١٣ -: www.emrro.com/kurtewelam13.htm

کورتە وەڵام - ١٢ -: www.emrro.com/kurtewelam12.htm

کورتە وەڵام - ١١ -: www.emrro.com/kurtewelam11.htm

کورتە وەڵام - ١٠ -: www.emrro.com/kurtewelam10.htm

کورتە وەڵام - ٩ -: www.emrro.com/kurtewelam9.htm

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm


٩\١\٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک