په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٠\٢٠١٨

کورتە وەڵام! بۆ بابەتێکی ئادل باخەوان سەبارەت ئیسلام.


کامیل ژیر      

- ٣٢ -


بابەتەکەی ئادل باخەوان، لەسایتی روداودا ١٧/٦/٢٠١٦ بڵاوکرایەوە وەک وەڵامێک بۆ کچە کوردێک کە نامەی دوکتۆراکەی لەسەر پرسی کورد ئامادە ئەکاو ئەپرسێ: تا چەن ئیسلام بەرپرسە لەدواکەوتنی پرسی کورد؟ ئەویش ئەڵێ تاوانبارکردنی ئیسلام بەوەی کە بەرپرسیارە لەدواکەوتنی پرسی سیاسیی کورد، ھەڵەیە.


بۆ ئەوھەڵەیەش ٤ وڵاتی ئیسلامی بە نمونە ئەھێنێتەوە کە ئیسلام نەبوە ھۆی (دواکەوتنیان!!).لێرەدا ئەبوایە باخەوان بەڵگەیەکی بەھێزتری بۆئەم وەڵامەی بھێنایەتەوەو بیوتایە: (بەبەڵگەی ئەوەی دۆزینەوەو داھێنانی کارەباو مۆبایل و چیوچی، لەوڵاتە ئیسلامییەکانی پاکستانو ئەڤغانستانو ئەرەبستانو وڵاتی فارسو تورکیاوە سەریانھەڵداوە، نەک لە رۆژئاواوە! بۆیە ئیسلام بەرپرس نەبوە لەدواکەوتنی ئەو نەتەوانە بەکوردیشەوە!).


بێ گومان کاریگەرێتیی نەرێنیی ئیسلام لەسەر کورد، زیاتربوە وەک لەسەر نەتەوەکانیتر. ھۆی ئەوەش ئەوەبوە کەکورد لەو سەردەمەداو ئێستەش ھیچ قەوارەیەکی سەربەخۆی خۆی نەبوە تا وەک ئەوانیترشێرگیرانە بەرگریی لێبکا، تەنانەت ھەمو پەرستگە ‌ئاینییەکانو پەرتوکە پیرۆزەکانی زەدەشتیانیشیان وێرانکردو سوتانیانن.. بەڵام نەتەوەکانیتر، ژێردەسەی ھیچ لایەک نەبونو قەوارەی خۆیان ھەبو، بۆیە پارێزگارییان لەقەوارەو کلتورو پیرۆزمەندییەکانی خۆیانکردو ملیان نەدا ئەرەب بەدەردی کوردیانبەرێ، ھەرچەندە ئەوانیش ھەر یەکەو بەجۆرێکو تا رادەیەک زیانی لێکەوتوە. ئاخر ئەوەیە گرنگیی قەوارەی سیاسی.نەک پێکەوەژیان لەگەڵ داگیرکەراندا.


راستە ئەبوایە کوردیش وەک ئەوانیتر رێگەیەکی بدۆزیایەتەوە بۆپاراستنی خۆی، بەڵام نەبونی ھوشیاریی نەتەوەییان، ئەو دەرگایەشی لێداخستن! ئەو نەبونی ھوشیارییەش، بەشێکی ئەگەڕیتەوە بۆ پڕکردنی مێشکی کورد بە چەمکی ئاینی ئیسلامی کە گوایە ئەم دنیا فانییەو ئەو دنیا ئەبەدییە،‌ بۆیە ئەرکی ئێوەی کوردی موسوڵمان پێنج فەرزەکەی ئیسلامە نەک نەتەوایەتیو سەربەخۆییو...ھتد. ئێستەش ئەو دیاردەیە بەجۆرێکیتر بەردەوامە لەلایەن ھیزبە کوردییە گەندەڵە نانەتەوەییەکانەوە کە پێکەوەژیانیان لەگەڵ داگیرکەراندا کردۆتە بەرنامەی کاریانو ھەمیشە لەھەڵپەی پۆستی کارتۆنین لەپایتەختی داگیرکەراندا!. کە جارجارێکیش باس لە کوردایەتی ئەکەن، راستییەکەی ئەوەیە، بەوە، کوردایەتی ناشیرین ئەکەن نەک بەرگریی لێئەکەن! لەبەرئەوە، ھەڵەیە کە زاراوەی کوردایەتی یا نەتەوایەتی بخرێتە پاڵ ئەو ھیزبانە.


سەبارەت بەرگریی فارسو ئەفغانیو پاکستانیو تورک لەقەوارەکانیان، ئەوە ھەستە نەتەوەییەکەیانە نەک ئاینی ئیسلام وەک باخەوان شرۆڤەی ئەکا!. دواجار، باخەوان تێکەڵەو پێکەڵەیەک لەنێوان ئیسلامو موسوڵماندا ئەکا وەک لەجیاتی ھەسەن کەچەڵ بڵێی کەچەڵ ھەسەن!. لەدوا دێڕی نوسینەکەشیا ئەلێ (کورد خۆی مەحرومکردوە لەبەکار ھێنانی چەکێک -مەبەستی ئیسلامە- کەزیاتر لەفڕۆکەو زرێپۆش ناسیۆنالیزمی کوردی پێویستی پێی بوە). لەوەڵامدا ئەڵێم ئاخۆ ناسیۆنالیزمی ئەرەبی، بەھۆی ئەو چەکەوە کە خۆی داھێنەریبوە، بۆڕی رۆژئاوایداوە لەداھێنانی فڕۆکەو زرێپۆشو کارە سەرسوڕھێنەرەکانی کۆمپیوتەردا؟ تا کوردیش چاوی لێبکاو خۆی بێبەش نەکا!؟


ئنجا بۆ مەبەستی پرسیارەکەی ئەو کچە خوێندکارە لە باخەوان، ئەپرسین: ئەوە ھۆی چیە کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، بەکوردیشەوە، دواکەوتوترینی کۆمەڵگەکانی جیھانن؟ ئایا داگیرکارییەکانی ئەرەب بەناوی ئیسلامەوە، خێروبێربونو بەسەر نەتەوەکانیتردا رژان!؟ ئایا راستە ئیسلام ھیچ بەرپرس نیە لە دواکەوتنی کورد وەک وەڵامەکەی باخەوان بۆ ئەو کچە خوێندکارە کوردە!؟ ئایا داگیرکردن، بە ھەمو جۆرەکانیەوە، بە درێژایی مێژو، بۆکۆیلەکردنی داگیرکراو نەبوە؟ من لێرەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بەجێدێڵم بۆھاوڕێیانی خۆشەویستی خوێنەرەوەی ئەم کورتە وەڵامەو دێمە سەر پرسیاری دوەم:‌


پرسیاری دوەممان: کاک ئادل، بەڕێزتان بە چ زمانێک ئەنوسن؟ وا لە وتارێکی یەک لاپەڕەییدا ئەم ھەمو زاراوە بیانیانەتان بەکارھێناوە: (ناسیۆنالیزم، مەخزەن، کۆلیکتڤ، میتۆد، ستراکتۆر، بەستراکتۆرکراو، ستراکتۆر دروستکەر، ترانساندانس، غەرق، یۆنیڤیرساڵ، جەوھەر، ئەکشن، نێگەتیڤ، مۆبێلیزە، شەرعیەتدان، میکانیزم، وجود، ئەکتەر، ترادیسیۆن، تراژیدیا، سامبول، جاھیلانە، مەحروم کردوە، جەوھەرگەرا،) !؟ لەکاتێکا زمانی کوردی پەکی لەسەر ئەو زاراوانە نەکەوتوە، فەرمو ئەوە واتاکانیان:


ناسیۆنالیزم : نەتەوایەتی. (کورد لەجیاتی ئەم دو زاراوەیە، ئەڵێ: کوردایەتی، کە نە ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایە نە قەومیەتی ئەرەبە، ھیچ ناوەرۆکێکی رەگەزپەرستیش لەزاراوەی کوردایەتیدا نیە.


مەخزەن: گەنجینە، کۆگا -کۆلێکتیڤ: ھاوبەش -میتۆد: بەرنامە ، رێگە -ستراکتۆر: چێوە -ترانساندانس: تێپەڕین ، زیادەڕۆ -غەرق: نوقم -یونیڤێرسال: جیھانی -جەوھەر: گەوھەر، ناوەرۆک، ماک -ئەکشن: کردار -نێگەتیڤ: نەرێنی -مۆبێلیزە: جوڵێنەر. (کە لە جێگەی خۆیدا بەکارینەھێناوە!) -شەرعیەتدان: رەوایەتیدان -میکانیزم: شێواز -وجود: بون. - ئەکتەر: بکەر، نوێنەر -ترادیسیۆن: نەرێت -تراژیدیا: کارەسات، مەرگەسات -سامبول: ھێما -جاھیلانە: نەزانانە -


مەحروم کردوە: بێبەشکردوە -جەوھەرگەرا: ئەمەیان، ئەشێ کاک ئادل خۆیشی نەزانێ چ واتایەکی ھەیە، وەک واتای (والسماء ژات الحبک) کە کابرای فارس بەمجۆرە لێکیداوەتەوە: (والسماء: یعنی ڤالسماء . ژات: زاتی خودایەست . اما الھوبک: نە من میدانم، نە تۆ میدانی، نە ئەنکی پدەر سوخت گوفت میدانەد) واتا نەمن ئەیزانم، نەتۆ ئەیزانی، نەئەو باوک سوتاوەی وتوشێتی ئەیزانێ!


ئەمەش رستەیەکە، بۆنمونە، لەرستەکانی نوسینەکەی کاکی باخەوان:


-ئیسلام ستراکتۆرێکی بەستراکتۆرکراوی ستراکتۆر دروستکەر نیە تا بەشێوەیەکی ترانساندانس بێت!


جا خەڵکینە: تو ویژدانتان ئەمە کوردینوسینە یا کوردیلاقەکردنە!؟ بەزەییم بەو خوشکە خوێندکارەدا دێتەوە، ئەترسم وتەکانی باخەوان، تێکەڵ نامەی دوکتۆراکەی بکا! لەکوێش؟ لە بەریتانیا!!

 


دەقی وتارەکەی ئادل باخەوان:


کچە خوێندکارێکی بەریتانی، بە ریشە کورد، کە نامەی دکتۆراکەی لەسەر پرسی کورد ئامادە دەکات، ھەفتەی رابردوو رووبەڕووی پرسیارێکی گرنگی کردمەوە: تا چەند ئیسلام بەرپرسە لە دواکەوتنی پرسی کورد؟ بایەخی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە ئێمە دەباتەوە سەر پرسیاری: ئیسلام چییە و چۆن ناسیۆنالیزمی کوردی مامەڵەی لەگەڵ ئیسلامدا کردووە؟

بێگومان من لێرەدا ناتوانم پێناسەی ناسیۆنالیزمی کوردی بکەم و ئەمە ھەڵدەگرم بۆ کات و شوێنێکی دیکە و راستەوخۆ دەڕۆمە سەر خودی پرسیارەکە و ناوەڕۆکە ئاڵۆزەکەی.

خەیاڵدانی کۆلێکتڤی ناسیۆنالیزمی کوردی مەخزەنێکی لێوانلێوە لە "بڕیاری پێشینە" و یەکێکیش لەوانە بریتییە لە تاوانبارکردنی ئیسلام بەوەی کە بەرپرسیارە لە دواکەوتنی پرسی سیاسیی کورد. من نەک ھەر بۆچوونەکەم پێ ھەڵەیە، بەڵکو میتۆدی گەیشتن بەو بۆچوون و دەرئەنجامەشم پێ ھەڵەیە.

ئیسلام ستراکتۆرێکی بەستراکتۆرکراوی ستراکتۆر دروستکەر نییە تا بەشێوەیەکی ترانساندانس بێت و پرسی نەتەوەیەک بەرز بکاتەوە بۆ ئاسمان و پرسی نەتەوەیەکی دیکە غەرقی نێو دەریاکان بکات. ئیسلام وەک ئاینێکی یونیڤێرسال، دۆستی نەتەوەیەک نییە و دوژمنی نەتەوەیەکی دیکە، کولتوری نەتەوەیەک نییە و دژە کولتوری نەتەوەیەکی دیکە.

ھەڵەن ئەو کەسانەی بۆ تێگەیشتن لە واقیعی کۆنکرێتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەک پەنا بۆ ئیسلام دەبەن وەک ئەوەی ئیسلام جەوھەرێکی نەگۆڕی مێژوویی ھەبێت. نەخێر، ئەوەی قسە دەکات، ئەوەی کە دەجووڵێت، ئەوەی ئەکشن بڵاودەکاتەوە، ئەوەی دەستنیشانی شتەکان دەکات، موسوڵمانانن نەک ئیسلام.

ئەوە ئیسلام نییە کە پێماندەڵێت موسوڵمانان چین و کێن، بەڵکو ئەوە موسوڵمانانن کە پێماندەڵێن ئیسلام چییە و چۆنە. لێرەوە پرسیاری ئەوەی کە تا چەند ئیسلام بەرپرسە لە دواکەوتنی پرسی سیاسیی کورد؟ من بە نێگەتیڤ وەڵامی دەدەمەوە و پێموایە ئەوە خودی کوردە موسوڵمانەکانن کە ئاستێکی وشیاریی ھێندە بەرزیان نەبووە بۆ ئەوەی ئیسلام وەک سەرچاوەیەک مۆبیلیزە بکەن و بیخەنە خزمەت پێشکەوتنی پرسە سیاسییەکانی خۆیانەوە.

فارسەکان عەرەب نین، ئیسلامیش لە تاران لەدایک نەبووە، بەڵام فارسەکان توانیویانە ھەر لە سەردەمی عەباسیەکانەوە تا دەگاتە ئیمام خومەینی، ئیسلام وەک سەرچاوەیەک مۆبیلیزە بکەن بۆ شەرعیەتدان بە پرسەکانیان. ئیسلام لە پاکستاندا سەری ھەڵنەداوە و پێغەمبەری ئیسلامیش پاکستانی نەبووە و قورئانیش بە زمانی ئۆردو نەھاتووەتە خوارەوە، بەڵام پاکستانیەکان توانیویانە ئیسلام وەربگێڕنە سەر میکانیزمی شەرعیەتبەخشین بە "وجودی" دەوڵەتەکەیان. کە سوپای سووری سۆڤێتی ئەفغانستان داگیر دەکات، ئەفغانیەکان دێن و ئیسلام وەکو سەرچاوەی بەرەنگاری و راپەڕین و شۆڕش دژ بە داگیرکەران بەکاردەھێنن. ئەم ھاوکێشەیە بۆ تورکەکانیش راستە: ئەوان لەڕێگای شەرعیەتی ئیسلامیەوە، نەک ھەر توانییان دەوڵەت دروست بکەن، بەڵکو دەوڵەتەکەشیان (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) بەسەر نیوەی جیھاندا فەرزکرد.

بەدیوێکی دیکەدا، ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن ئیسلام وەربگێڕنە سەر کولتورێک لە جەنگ و دواکەوتوویی و گەندەڵی و شکست. لەنێو قورئان و فەرموودە و ترادیسیۆنی ئیسلامیدا، ھێندە دەق و نموونە ھەن کە بە ئاسانی ئەکتەرەکان بتوانن بۆ شەرعیەتدان بە دروستکردنی قەیران و تراژیدیاکانیان بەکاریان بھێنن. گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ سعودیە، قەتەر، کوێت، میسر، مەغریب و... وردکردنەوەی ھەلومەرجی کێڵگەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەئاسانی ئەم تێزەمان بۆ دەسەلمێنن.

بەڵام لە ئاستێکی دیکەدا ھەمان ئەم ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە دەتوانن ئیسلام وەربگێڕنە سەر کولتورێک لە پێکەوەژیان (وەکو ئەندەنوسیا) و گەشەی ئابووری (وەکو تورکیا) و بەھێزکردنی پرسی ناسیۆنالیزم (وەکو فەلەستین).

لێرەوە بەخشینی ناوەڕۆکێکی مەنگی مێژوویی نەگۆڕ بە ئیسلام ھیچ مانایەکی نییە و لەگەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە. تراژیدیای ئەکتەرە سیاسییە کوردەکان لەوەدایە کە نەک ھەر نەیانتوانیوە ئیسلام وەک سەرمایەی سامبۆلیکی زیاتر لە نەوەد لە سەدی کۆمەڵگای کوردی بەکاربێنن بۆ خزمەتکردنی پرسی کورد، بەڵکو جاھیلانە ھەوڵیان داوە ئیسلام وەک دوژمنێکی نەگۆڕی جەوھەرگەرا بینا بکەن و بەمشێوەیەش ھەم جەماوەرە موسوڵمانە کوردەکەیان لەدەستداوە، ھەم خۆشیان مەحروم کردووە لەبەکارھێنانی چەکێک کە زیاتر لە فڕۆکە و زرێپۆش ناسیۆنالیزمی کوردی پێویستی پێی بووە.

__________________________

کورتە وەڵام - ٢١ -: www.emrro.com/kurtewelam31.htm

کورتە وەڵام - ٣٠ -: www.emrro.com/kurtewelam30.htm

کورتە وەڵام - ٢٩ -: www.emrro.com/kurtewelam29.htm

کورتە وەڵام - ٢٨ -: www.emrro.com/kurtewelam28.htm

کورتە وەڵام - ٢٧ -: www.emrro.com/kurtewelam27.htm

کورتە وەڵام - ٢٦ -: www.emrro.com/kurtewelam26.htm

کورتە وەڵام - ٢٥ -: www.emrro.com/kurtewelam25.htm

کورتە وەڵام - ٢٤ -: www.emrro.com/kurtewelam24.htm

کورتە وەڵام - ٢٣ -: www.emrro.com/kurtewelam23.htm

کورتە وەڵام - ٢٢ -: www.emrro.com/kurtewelam22.htm

کورتە وەڵام - ٢١ -: www.emrro.com/kurtewelam21.htm

کورتە وەڵام - ٢٠ -: www.emrro.com/kurtewelam20.htm

کورتە وەڵام - (١٧ - ١٩) -: www.emrro.com/kurtewelam17u18u19.htm

کورتە وەڵام - ١٦ -: www.emrro.com/kurtewelam16.htm

کورتە وەڵام - ١٥ -: www.emrro.com/kurtewelam15.htm

کورتە وەڵام - ١٤ -: www.emrro.com/kurtewelam14.htm

کورتە وەڵام - ١٣ -: www.emrro.com/kurtewelam13.htm

کورتە وەڵام - ١٢ -: www.emrro.com/kurtewelam12.htm

کورتە وەڵام - ١١ -: www.emrro.com/kurtewelam11.htm

کورتە وەڵام - ١٠ -: www.emrro.com/kurtewelam10.htm

کورتە وەڵام - ٩ -: www.emrro.com/kurtewelam9.htm

کورتە وەڵام - ٨ -: www.emrro.com/kurtewelam8.htm

کورتە وەڵام - ٧ -: www.emrro.com/kurtewelam7.htm

کورتە وەڵام - ٦ -: www.emrro.com/kurtewelam6.htm

کورتە وەڵام - ٥ -: www.emrro.com/kurtewelam5.htm

کورتە وەڵام - ٤ -: www.emrro.com/kurtewelam4.htm

کورتە وەڵام - ٣ -: www.emrro.com/kurtewelam3.htm

کورتە وەڵام - ٢ -: www.emrro.com/kurtewelam2.htm

کورتە وەڵام - ١ -: www.emrro.com/kurtewelam.htm

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک